فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران: وەڵامی هەر هێرشێک دەدەینەوە کە بکرێتە سەرمان
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، حوسێن سەلامی رایگەیاند، وڵاتەکەی هێرش ناکاتە سەر دوژمنەکانی بەڵام زۆر بەهێزەوە وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە کە بکرێتە سەری.
بەگوێرەی تەلەڤیزیۆنی فەرمی دەوڵەتی ئێران، حوسێن سەلامی لە میانی رێوڕەسمی رادەستکردنی کەلوپەلی سەربازیی نوێ بە هێزەکانی وشکانی سەربە سوپای پاسداران، گوتەیەکی پێشکەش کرد.
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران گوتی: “سوپای پاسداران لە ساتەکانی سەرەتادا شکست بە دوژمنەکانی دەهێنێت” و راشیگەیاند، کە ستراتیژییەتی ئێران بریتییە لە بەرگریی نەک هێرشکردن.
حوسێن سەلامی راشیگەیاند “ئێمە شەر دەست پێناکەین، بەڵام لەدوای یەکەم هێرش وەڵاممان خێرا و بەهێز دەبێت، چونکە ئێمە پارێزگاری و سەلامەتی هەرێمیمان دەوێت”.
ئەم لێدوانەی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران دوای ئەوە دێت کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش رایگەیاند، ١٤ مووشەک ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کراوە و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوونە.
گرووپێکی چەکدار لە عێراق بە ناوی “لیوای تۆڵسەندنەوەی موھەندیس” بەرپرسیاریێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشە مووشەکییەکەی بۆسەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، راگەیاند.