گرووپێکی چەکدار بەرپرسیاریێتی خۆی لە ھێرشەکەی سه‌ر بنکەی عەین ئەسەد راگەیاند

گرووپێکی چەکدار لە عێراق بە ناوی “لیوای تۆڵسەندنەوەی موھەندیس” بەرپرسیاریێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشە مووشەکییەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆسەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، راگەیاند.

 

ماڵپەڕی سابرین نیوز نزیک لە گرووپە چەکدارەکانی سەربە ئێران لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام بڵاوی کردەوە کە گرووپێکی چەکدار لە عێراق بە ناوی “لیوای تۆڵسەندنەوەی موھەندیس” لە راگەیەنراوێکدا بەرپرسیاریێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشە مووشەکییەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆسەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد راگەیاندووە.

 

لە راگەیەنراوێکدا ھاتووە “کاتژمێر ١٢:٣٠ی ئەمڕۆ چوارشەممە، ھێزەکانمان بە ئاراستەکردنی ٣٠ مووشەکی جۆری گراد، بنکەی عەین ئەسەدیان لە پارێزگای ئەنبار کە ھێزەکانی داگیرکاری ئەمریکای تیایدا جێگیرکراون بۆردومانکردووە”.

 

بەپێی راگەیەنراوەکە، ھێرشەکە ئامانجەکەی بەوردی پێکاوە و ھاتووە “بەردەوام دەبین لە ھێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان تا ئەو کاتەی عێراق بەجێدەھڵێن”.

 

پێشتر گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، واین مارۆتۆ رایگەیاندبوو کە کاتژمێر ١٢:٣٠ی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٤ مووشەک ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کراون و بەھۆیەوە سێ کەس برینداربوون.

 

بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکەوێتە رۆژئاوای شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق و یەکێکە لەو بنکانەی کە دەیان سەربازی سوپای ئەمریکای تیایدا جێگیرکراوە.

 

Back to top button