بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە کارەبای گوندی هرۆرێ پچڕا

بەهۆی بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکە سوپای تورکی دەوروبەری گوندی هرۆرێی سەر بە ناحیەی کانی ماسی بۆردومان کرد و بۆ جارێ پێنجەم کارەبای گوندەکە پچڕا.

سەربەست سەبڕی ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسی رای گەیاند: “ئەمشەو جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا ڕوویدا و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە بۆ جارێکی دیکە کارەبای گوندی هرۆرێ بچڕێ”.

گوتیشی: ” ئەمشەو سێ مووشەک بە دەوربەری گوندی هرۆرێ کەوتووە و بووەتە هۆی پچڕانی کارەبای گوندەکە و ئێستا ٨٠ خێزانی دەڤەرەکە بێ کارەبای نیشتیمانین، خۆشبەختانە ئەو بۆردومانە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە”.

سەربەست سەبڕی بۆ باسنیوز راشیگەیاندووە: “بەهۆی بەردەوامیی شەڕ تیمەکانی چاککردنەوەی کارەبا نەیانتوانی بچنە شوێنی ڕووداوەکە و وابڕیارە سبەی کێشەکە چارەسەر بکەن، ئەمە بۆ پێنجەم جارە لە ئەنجامی شەڕی پەکەکە و تورکیا کارەبای ئەو گوندە دەپچڕێ”.

Back to top button