ستراتیژی نوێی ئەمریكا دژ بە ئێران لەناوچەكە

شیكاری: نیاز حاجی
هەرچەندە بڕیارەکانی دۆناڵد ترامپ توند و قورسن، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە شەڕی تیرۆر و رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە هەیە پشتگیریەکی گەورەی لە هەردوو ئەنجومەنی پیران و نوێنەران هەیە هەروەها لەلایەن بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە بە هەمان شێوە پشتگیری هەیە.
تڕامپ دوای دەستبەکاربونی، کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ئیسرائیل و ئوردن ئەنجام دا، هەروەها پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ پۆتین و شا سەلمانی سعودیە و رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجام دا، هەروەها جێگرەکە و وەزیری بەرگریەکەی لە کۆنفرانسی میونشن لەگەڵ بارزانی کۆبونەوە .
لە تەواوی ئەو کۆبونەوە و پەیوەندیە تەلەفۆنیانەدا تاوتوێی شەری تیرۆر و پاوانخوازیەکانی ئێران و رێککەوتنی ئەتۆمی و دۆخی ئاڵۆزی سوریا و عێراق و یەمەن و لوبنان و میلیشیاکانی سەر بە ئێران باسیان لەسەر کراوە ، جۆرێک لە هەماهەنگی و پشتگیری و رێکەوتن لە نێوان ئەو وڵاتانە لەسەر تەواوی ئەو دۆسیانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە هەستی پێ دەکرێ .
ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا زیاد دەكات
هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ژمارەیان بەردەوام رووی لە زیادیە ، بۆ ناوەراستی مانگی ۳ تەواوی ئامادەسازیەکان تەواو دەبن، ئەوەی پەیوەندی بە ئوردن و تورکیا و سعودیەوە هەیە ، تڕامپ لە کۆبونەوە و پەیوەندیە تەلەفۆنیەکانی لەگەڵیداندا هەماهەنگی سەربازی لەگەڵیاندا تاوتوێ کردوە وەک بەشداری کردنی سەربازی و بەکارهێنانی خاک و بنکە سەربازیەکانی ئەو وڵاتانە بۆ ئەو بەرنامەیەی کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دایرشتوە .
 
وەزیری بەرگری ئەمریکا لە هەفتەی رابردوو سەردانی عەبادی کرد، دوای ئەو لە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە سەردانێکی لە ناکاودا عادل الجوبەیر وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی بەغدای کرد ، لەو دوو سەردانەدا هەڵوێست و بەشێک لە پلانەکانی ئەمریکا و سعودیە سەبارەت بە ئێران و میلیشیاکانی، بە راشکاوی بە عەبادی راگەیەنراوە کە دەبێت عەبادی خۆی یەکلایی بکاتەوە لە نێوان ئەمریکا و ئێران ، پێویستە لەسەری بڕیارە قورسەکە بدات .
 
تەواوی ئەو روداوانەی سەرەوە بۆ قرتاندنی نینۆک و پەنجەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا ، ئێران هەرچەندە هەوڵی دا پەیوەندیەکانی ئاسایی بکاتەوە لە گەڵ سعودیە لە رێی سەردانی روحانی لە سەرەتای هەفتەت رابردوو بۆ عەمان و کوێت ، بەڵام لەم هەوڵەدا سەرکەوتوو نەبوو و لەلایەن سعودیەوە ئەو دەستپێشخەریەی رەت کرایەوە .
چۆنیەتی بەرەنگار بوونە و جموجۆڵەكان لەناوچەكەدا
هێزە سەربازیەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی ئیسلامی کە ساڵی پار دروست کرا ، لە جموجۆڵدان ، پێدەچێت لە هەرسێ میحوەری (تورکیا بە ئاراستەی سوریا و موصڵ ، هەروەها لە سعودیەوە بە ئاراستەی عێراق و سوریا ، هەروەها لە سعودیەوە و دەریای سورەو بە ئاراستەی یەمەن) دەست بە جموجۆڵ بکەن .
 
وەک وتمان ئامادەسازیەکانی ئەمریکا لە ناوەراستی مانگی سێ تەواو دەبن ، وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ میلیشیاکانی ئێران و هەندێک ناوچەی ئەتۆمی لەناو خاکی ئێران ، ئەگەرێکی کراوەیە”.
ئێران دەزانێت و دڵنیا بوەتەوە لەوەی کە گورزی لێ دەوەشێنرێت بۆیە یەکێک لە پلانەکانی بۆ روبەروبونەوە ، سوتاندنی عێراقە ، ئەگەر زۆرە ئاگری شەڕی تایەفی پەرە پێبدات بەشێوەیەک کە لای ئاساییە دەست بۆ تەقاندنەوەی مەزارەکانیش ببات لە رێی داعشەوە وەک ئەوەی لە ساڵی ۲٠٠٦ لە سامەرا رویدا”.
روسیا چەند رۆژێکە لە سوریا ، خەریکە میلیشیاکانی حزب اللەی لوبنانی لەو ناوچانە وەدەردەنێت کە لە ژێر هەژمونی هێزەکانی روسدان ، هێزەکانی تورکیا ناوچەی (الباب) یان کۆبتڕۆڵ کردوە و ئامانجی داهاتویان (مبنبج ) و موصڵ دەبێ ، سعودیە رێگا دەریایەکانی باشوری یەمەنی کۆنتڕۆڵ کردوە کە لە وێوە ئێران یارمەتیەکانی خۆی دەگەیاندە حوسیەکان ، لە عێراقیشدا ئەمریکا ژمارەی هێز و بنکە سەربازیەکانی لە ناوچەی رومادی و تکریت و باشوری موصڵ زیاد کردوە کە گرفتی زۆری بۆ جوڵە و بونی میلیشیاکان دروست کردووە ، چەند رۆژێکە ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی کە لەو ناوچانەدان ترس و دڵە راوکێیان بۆ دروست بووە و هەست بە راکردن و پاشەکشەیان دەکرێ.
بەغدا بەرەو كوێ؟
 
دەمێنێتەوە بەغدا”.لە ناو شاری بەغدا کوشتن و رفاندن زۆر زیاتر لەجاران زیادی کردووە ، شەری سیاسیش گەیشتۆتە لوتکە لەنێوان عەبادی و مالیکی ، مالیکی چاوەروانی خۆ یەکلایی کردنەوەی عەبادیە چونکە تا ئێستا عەبادی لەسەر هەردوو پەتەکە یاری دەکات، تەواوی گروپ و چەکدارە میلیشیاکان هەستیان بەوە کردوە کە شەڕێک بەڕێوەیە بەڵام لایان رون نیە شەرەکە چۆن دەبێت و لەگەڵ کێ دەبێت بۆیە تەواوی گروپە میلیشیاکان لە ئامادەباشیدان .
 
دوخی بەغدا و شارەکانی باشور بۆ لەمەودوا تەواو ئاڵۆز دەبن ، ئەو ئارامیەی چەند ساڵێکە هەیانە بەرەوکۆتایی دەروات ، دۆخی ئەوان وەک دۆخی ناوچە سونیەکانی لێ دێت بگرە خراپتریش، ئەگەر عەبادی خۆی بۆ تەرەفی ئەمریکا یەکلایی بکاتەوە ناچارە بۆ روبەروبونەوەی ئێران و مالیکی ، حکومەتی باری لەناکاو رابگەیەنێت تا ئەمریکا پشتیوانی تەواوی لێ بکات.
ستراتیژەی نوێیەكەی دۆناڵد ترەمپ
دە رۆژ دوای ئەوەی دۆناڵد تڕامپ وەک سەرۆکی ئەمریکا دەست بەکار بوو ، داوای لە وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی کرد،لە ماوەی مانگێکدا ستراتیژ و پلانێکی نوێی شەر و روبەروبونەوەی داعشی بۆ ئامادەبکەن ….
لەو مانگەی کە دیاری کرابوو بۆ وەزارەتی بەرگری، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆنگرەی میونشن کۆبونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ بارزانی گرێدا ، دوای کۆبونەوەکەش بە سەردانێکی لەناکاو گەیشتە بەغدا بە هەمانشێوە کۆبونەوەی لەگەڵ عەبادیش ئەنجام دا ، هەردوو دیدار و کۆبونەوە بۆ پرس و راگۆرێنەوەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بوو لەگەڵ بارزانی و عەبادی سەبارەت بە شەری داعش بۆ ستراتیژە نوێکە .
ماوەی ئەو مانگەی کە تڕامپ دیاری کردبوو بۆ ئامادەکردنی پلانە و ستراتیژە نوێکە ، لەم چەند رۆژەی دادێت تەواو دەبێت بۆیە لەم هەفتەیەدا پێویستە ستراتیژە نوێکە رابگەیەنرێ .لەستراتیژیەتە نوێیەکەدا ، شەری داعش خێراتر دەکرێ لە سوریا و عێراق ، سوپای ئەمریکا راستەوخۆ و چالاکتر لەجارن دێنە ناو شەڕەکانەوە ، هەروەها ئەگەر زۆرە رێگا بە هێزەکانی هاوپەیمانی ئیسلامیش بدری کە سعودیە سەرپەرشتیان دەکات ، بەشداری شەرەکان بکەن ، سوپای تورکیاش رۆڵی کاراتر دەگێرێت”.

ستراتیژە نوێکەی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش ، تەنها لە سنورەکانی عێراق و سوریا نامێنێتەوە ، بەڵکو یەمەن و ئەگەر زۆرە ئێرانیش بگرێتەوە …
لە ستراتیژە نوێکەدا دروستکردنی ناوچەی ئارام لەباکوری سوریا خاڵێکی جەوهەری دەبێ .
وەک ئامادەسازی بۆ ستراتیژە نوێیەکە ،  بارزانی سەردانی تورکیا دەکات و چەندین کۆبونەوەی گرنگ ئەنجام دەدات ، وەزیری دەرەوەی سعودیەش سەردانی عێراق دەکات، پێدەچێ هەندێک پەیامی راشکاوانە بە عێراق بگەیەنێت سەبارەی بە سوننە و ئایندەی سوننەکان لە عێراق ، هەروەها ئایندەی میلیشیا شیعەکان .
Back to top button