کونسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان: هاوکار و پشتیوانى گەلى کوردم

ئێوارەی رۆژی ۷ی تەمووزی ۲۰۲۱ لە مەراسیمى ماڵئاوایى، بەبۆنەی کۆتایى هاتنى کارەکانى لەهەرێمى کوردستان، وەزیرى پێشمەرگە ڕۆڵى کونسوڵى گشتیی ئەمریکا لە هەرێم بە بەرزى باس دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەرێمى کوردستان و هێزى پێشمەرگە ماڵئاوایى لە دۆست و هاوکارێکى نزیکى دەکات کە لە رێگەی راوێژکارانی سەربازی وڵاتەکەی ڕۆڵى لە ڕێکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە و بەشدارییەکى کاراى لە ریفۆرمى سەربازى هەبووە.

ئەم وتانەى شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى ۷/٧/٢٠٢١، لەمیانەى مەڕاسیمێکى تایبەتدا، کە بەبۆنەى کۆتایى هاتنى کارەکانى لەهەرێم و ماڵئاوایی کردن لە رۆب والەر، کونسوڵى گشتى ئەمریکا لەهەرێمى کوردستان هات، لەو مەراسیمەدا سەربەست لەزگین، بریکارى وەزارەتى پێشمەرگە و راوێژکاری وەزارەت و بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی پێشمەرگە ئامادەى بوون.

وەزیرى پێشمەرگە، بەبۆنەى کۆتایى هاتنى ئەرکەکان و ماڵئاوایی لە رۆب واڵەر وتى: کونسوڵى گشتى ئەمریکا لەهەرێمى کوردستان لەماوەى کارەکانى دۆستێکى دڵسۆز و هاوکارێکى باش بووە لە باش بەڕێوەبردنى کارەکان و ڕۆڵێکى گەورەى بینیوە لە پەرەپێدان و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئەمریکا، هاوکات ستایشى ڕۆڵى کونسوڵى گشتى ئەمریکای کرد لە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان دژ بە چەکدارانى تیرۆرستى داعش بەتایبەت لە پشتگیرى کردنى راوێژکارانى ئەمریکا بۆ هێزەکانى پێشمەرگە، لەو چوارچێوەیەشدا شۆڕش ئیسماعیل وتى: ئەمڕۆ ئێمە ماڵئاوایى لە دۆستێکى نزیک و هاوڕێیەکى دڵسۆزمان دەکەین، هیواخوازین لە ئەرکى داهاتوى سەرکەوتوبێت.

لەلایەن خۆشیەوە، رۆب واڵەر کونسوڵى گشتى ئەمریکا لەهەرێمى کوردستان، وتى: شانازى دەکەم، کە کارم لێرە لە هەرێمى کوردستان کردووە و هەوڵمداوە هاوکار و پشتیوانى گەلى کورد بم وتیشى: دڵنیاتان دەکەمەوە وەک ئێستا دۆست و پشتیوان و هاوکارى ئێوەبم.

لە مەراسیمى ماڵئاوایی لە کونسوڵى گشتى ئەمریکا لەهەرێمى کوردستان، کە کۆڵۆنێڵ جولیات، ڕاوێژکارى هێزەکانى ئەمریکا لە هەرێم ئامادەی بوو، پەیامی دڵسۆزی وەفاداری لەنامەیەکی رێز و پێزانینی وەزارتى پێشمەرگە، لەلایەن وەزیرى پێشمەرگە پێشکەش بە کونسوڵى گشتى ئەمریکا لەهەرێمى کوردستان کرا.

Back to top button