دوێنێ له‌سه‌ر گۆڕانکاری له‌ پۆستە ئەمنییەکانى سلێمانى چى ڕوويدا .

بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەزگای زانیاری و دەزگای دژەتیرۆر لە سنووری سلێمانی گۆڕانکارییان تێدادەکرێت و ئەوەش گرژیی لەنێوان هەردوو هاوسەرۆکی ئەو حیزبە دروستکردووە.
گۆڕانکارییەکان لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستە هەستیارە باڵاکانی دەزگا ئەمنییەکانی سنووری سلێمانی و داوایکردووە فەرمانی هەرێمی بۆ گۆرانکارییەکان دەربکرێت.
گۆڕانکارییەکان چین؟
– دەزگای زانیاریی
یەکێک لەوانە پۆستی دەزگای زانیارییە کە سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، بەرپرسی پێشووی دەزگاکە بە وەکالەت بووە کە ناوی شێخ محەممەد تەحسین تاڵەبانییە و برای ئاڵا تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییە لە پەرلەمانی عێراق .
ماوەی چەند مانگێک دەبێت لەدوای کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستەکە لەلایەن محەممەد تاڵەبانییەوە بەڕێوەدەبرا. بەڵام واژۆی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی لەسەر نەبووە و ئێستا داواکراوە کەسێکی نوێ لەلایەن یەکێتییەوە پیشنیاز بکرێت و لەو پۆستە دابنرێت.
ئەو کەسە نوێیەی کە بۆ سەرپەرشتیی دەزگاکە ناوی دراوەتە ئەنجوومەنی ئاسایش لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پیشنیازکراوە و ناوی ئەژی ئەمینە. فەرماندەیەکی ناسراو و دیارە لەنێو دەزگای دژەتیرۆردا.
– دەزگای دژە تیرۆر
یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکان لە دەزگای دژەتیرۆرە کە لە لەلایەن پۆلاد شێخ جەنگی برای لاهوور شێخ جەنگییەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت. ئەفسەرێکی باڵای دەزگای دژەتیرۆر بەناوی وەهاب هەڵەبجەیی، لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە بۆ ئەو پۆستە دانراوە.
هەروەها لە هەردوو دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆر چەندین یاریدەدەری سەرۆکی دەزگاکان گۆڕدراون و بەپێی زانیارییەکان هەموو ئەوکەسانەی کە لەو دەزگایانە دانراون کەسانی نزیک لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
ئەگەرچی چەند رۆژە گۆڕانکارییەکان دەستیانپێکردووە بەڵام ناکۆکیی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی لەسەر گۆڕانکارییەکان وایکرد لە نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەوە گرژیی دروستببێت و لە چەند شوێنێکی سلێمانی هێز بجووڵێندرێت.
بەپێی زانیارییەکان گفتوگۆ لەنێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی لە چەند رۆژی رابردوو هەبووە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام رۆژی رابردوو چوونی هێزێک بۆ قەڵاچوالان کە دەزگای زانیاریی لەوێیە بەتایبەتی بۆ گۆڕینی محەممەد تاڵەبانی، جۆرێک لە نیگەرانی و گرژیی لەنێو بەرپرسانی باڵای یەکێتی دروستکردووە.
ئەو هێزەی چوونەتە قەڵاچوالان، هێزی ئاڵتوونیی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و هێزێکی لیوا تایبەتەکەی کۆسرەت رەسوول و چەند هێزێکی دیکە بوون، بۆ ئەوەی بتوانن گۆڕانکارییە ئەمنییەکان ئەنجامبدەن.

 

س: رووداو

Back to top button