ئەندامێكی شاندی ئۆپزسیۆنی سوریی، پەكەكە و پەیەدە دوو حزبی كورد نین
خواكوڕك
ئەندامێكی شاندی دانووستاندنی ئۆپزسیۆنی سوریی لە جنێف بە ئەلعەرەبی ئەلجەدید راگەیاندووە، كە پەیەدە و پەكەكە لەرووی ستراتیژیەوە، پرۆژەی دیموكراتی گەلانیان هەیە!! و هیچ پەیوەندی بە نوێنەرایەتی كردنی كوردیەوە نیە، دەرچوونە لە بزووتنەوەی رزگاری خوازی كوردستان، تەنها خەڵكی كورد وەك سوتەمەنی بۆ بەرژەوەندیەكانی پرۆژەی خەڵكێكی تر بەكار دەهێنن ئەمەش بۆ هەموو دونیا روون بۆتەوە”.
نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا و ئەندامی شاندی دانووستانكاری ئۆپزسیۆنی سوری لەكۆنگرەی جنێڤ چوار دا عەبدولحەكیم بەشار دەلێت، گۆڕانكاری لە ناوچەكە روودادات بەهۆی هاتنە سەر كاری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و پرۆژەی داهاتووی ئەمریكا لە سوریا و دەلێت هیچ شوێنێك بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد لە سوریا نیە، چونكە بەشار ئەسەد 500 هەزار هاوڵاتی سوری كوشتووە، زیاتر لە 12 ملیۆن هاوڵاتی سوریای ئاوارە بوونە”.
عەبدولحەكیم بەشار ئەوەش ئاشكرا دەكات كە هەمووكات رژێمی بەشار ئەسەد لەدانووستاندنەكان رێك دەكەوێت و دواتر پێیەوە پابەند نابێت، دەلێت بەشار ئەسەد دەسبەرداری دەسەڵات نابێ، بەهۆی نەبوونی فشاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و ئامادەنەبوونی ئەمەریكا وای كردووە ئاڵۆزی و تەنگژەكان قووڵتر ببنەوە، هەروەها دەشلێت دەسەڵاتێك كە هیچ پاكی بە هاوڵاتیەكانی خۆی نەبێت و سێ بەشی سوریا لەدەستی رایكردبێت و كوژرابێت و لە زیندان دابێت، بەدرێژایی سەد ساڵ كوردی بەهاوڵاتی وڵاتەكەشی قبوڵ نەكردبێت، چون مافی هاوڵاتی كورد لە سوریا دەدات، دەلێت بۆیە كورد لە مانەوەی رژێم هیچ قازانجێكی نیە، لەبارەی ئۆپزسیۆنی سوریش دەلێت، لە سەرەتاوە كە ئیئتیلافی نیشتمانی سووریا و دواتریش دەستەی باڵای دانوستاندن و ئێستەش شاندی باڵای دانوستاندن و تەواوی شاندە ڕاوێژكارییەكان، كورد پێگەی تەواو و یەكسانی لە نێو دامەزراوەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هەیە، لەبارەی پەیەدە و پەكەكەوەش ناوبراو گوتی، بە بۆچوونی كەسی من، پارتی كرێكارانی كوردستان و پارتی یەكێتی دیموكراتی “پەیەدە” دوو حزبی كوردی نین، چونكە ئەوان پڕۆژەی تریان هەیە، جیا لە پڕۆژەی كوردبوون، ئەوان باس لە پڕۆژەی دیموكراتیی دەكەن و ئەمەش هەڵەیەكی گەورە و دەرچوونە لە بزووتنەوەی نیشتمانی كوردی، بۆیە ئەوان كورد وەك سووتەمەنی لە جەنگەكان بەكار دەهێنن بەبێ ئەوەی چوارچێوەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی كوردیان هەبێ.
ئەندامی شاندی دانوستانكاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە جنێڤ گوتی، جەنگی ڕەقە و دێرزوور سیاسی و سەربازین و پێوەندییان بە دۆزی كوردەوە نییە، ئەوان شەرم دەكەن باسی پرسی نەتەوەیی خۆیان بكەن، بەردەوام خوویان گرتووە بە نەتەوەیەكی دیموكرات، بەڵام ئەو نەتەوە لە واقیعدا بوونی نییە و كەسیش نازانێ ئەوان چۆن برایەتی نێوان گەلان دەستەبەر دەكەن، ئایا ئەوە بە شەڕ دێتە دی، یان بە ڕەشبگیری كورد و ڕفاندنی گەنجان و دامەزراندنی دەیان بەندیخانە و گرتنی سەدان كەس لەسەر ئازادی دەربڕین و كاری سیاسی، هەروەها گوتی، ئەوان 10 سەركردەی سیاسی حزبەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا ئازاد دەكەن، بەڵام 10ی تر دەگرنەوە، كەسانێك ئێستە لە گرتووخانەدان كە دەیان ساڵ لە دژی ڕژێم و مافەكانی خەڵك خەباتیان كردووە.
هەروەها بەشار گوتیشی پەیەدە ئێستە هاوپەیمانی ئەمەریكایە، بەڵام ئەو هاوپەیمانیەتییە كاتییە و پێوەستە بە شەڕی داعش، دوای نەمانی داعش هاوپەیمانیەتییەكە نامێنێ، چونكە ئەمەریكا وڵاتێكی دیموكراتە و بەڕوونیش ئەو پێشێلكارییانە دەبینێ كە پەیەدە بە زۆر كەسانی خوار 18 ساڵ چەكدار دەكات و پێشێلی مافەكانی مرۆڤ دەكات، هاوپەیمانییەكی تریشی بریتییە لە پاشكۆیەتیی سیاسەتەكانی ئێران، ئەمەش كارەكانی پەیەدە دوای نەمانی داعش هیچ دەرفەتی مانەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریكا نیە”.