سۆپەڕ کلاسیکۆى جیهان، بەڕازیل و ئەرجەنتین لە یارى کۆتایى کۆپا ئەمەریکا روبەڕوى یەکترى دەبنەوە
هەردوو هەڵبژاردەى بەڕازیل و ئەرجەنتین لە یارى کۆتایى کۆپا ئەمەریکا روبەڕوى یەکترى دەبنەوە، جەنگى راستەقینەش لە نێوان دوو هاوڕێدایە کە هەریەکەیان لە هەڵبژاردەیەکن.
بەرەبەیانى سبەینێ یەکشەممە، کاتژمێر (03:00) بەکاتى هەرێمى کوردستان، یاریگاى ماراکانا لە شارى ریۆ دى جانیرۆ کە شارى لەدایکبونى رۆناڵدۆى دیاردەیە، دەبێتە مەیدانى روبەڕوبونەوەى هەردوو جەمسەرەکەى تۆپى پێ ( بەڕازیل و ئەرجەنین)، ئەوەش لە بارى کۆتایى کۆپا ئەمەریکا.
یارییەکەى ئەمشەو رەنگە دواهەمین دەرفەتبیت لەبەردەم لیۆنێل مێسى، بۆ ئەوەى لە کابوسى شکست لەگەڵ وڵاتەکەى رزگارى بێت و چیتر روبەڕوى ئەو رەخنەیە نەبێتەوە کە دەڵێن”میسى ناتوانێت نازناو بۆ وڵاتەکەى ببات”. بۆیە یارییەکە بەر لە هەر شتێ سەنگى مەحەکە لەبەردەم ئەو ئەفسانە ئاڵتونیەى رۆزاریۆ.
روبەڕوبونەوەى بەڕازیل و ئەرجەنتین جگە لەوەى مێژویەکى کۆنى هەیە و جیهانى بەسەر دوو بەرەى تۆپى پێدا دابەشکردووە، لە هەمان کاتدا روبەڕووبونەوەى دو هاوڕێ و دوو باشترین یاریزانە (نیمار داسیلڤا و لیۆنێل مێسى).
لە بارییەکەدا، رێگە بە شەش هەزار و (500) هاندەردەدرێت ئامادەبن کە سێ هەزار و (500) هاندەرى بەڕازیلى و دوو هەزار و (500) هاندەرى ئەرجەنتینى و هەزار و (100) میوان کە لەلایەن کۆنمیبۆلەوە بانگێشتکراون.
لە هەرێمى کوردستانیش هەردوو هەڵبژاردە خاوەن جەماوەرێکى زۆرن و هەر لەگەڵ دەستپێکى کوپادا، هاندەرانى هەردوولا دەستیان بە ململانێکردنى یەکترى کرد، هەر لایەکیشیان ببێتە پاڵەوان دەکەوێتە بەردەم توانج و خۆشى دەربڕینى لاکەى دیکە.
هەردوو هەڵبژاردە تائێستا (107) جار روبەڕوى یەکترى بونەتەوە، بەڕازیل بە (43) بردنەوە پێشەنگە و ئەرجەنتینیش خاوەنى (39) بردنەوەیە و هەردولاش (25) جار یەکسان بوون