سبەی بەرپرسە نوێیەکانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر دەستبەکار دەبن
سبەی یەکشەممە سەرۆکی نوێی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر لە سلێمانی دەستبەکار دەبن، هاوکات لە فڕۆکەخانەی سلێمانیش گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکدا کراوە و سبەی ئەوانیش دەستبەکار دەبن.
سەرچاوەیەکی فەرمی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند، ئەوەی کراوە بڕیار و هەنگاوی جیددیە لە پێناو چاکسازیدا.
ئەو گۆڕانکارییانە لە ماوەی دوو رۆژدا کراون، رۆژی پێنجشەممە هەردوو سەرۆکی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر گۆڕدران، دواتریش هێزێکی ئەمنی لەگەڵ ئیدارەی فڕۆکەخانەی سلێمانی هەندێک گۆڕانکارییان لە بەرپرسی بەش و کارمەندەکاندا کرد.
سەرچاوەکەی یەکێتی ئاشکرا شی کرد، ئەوەی کراوە، “بۆ رێگری بووە لە قاچاخچێتی”. هەر سێ گۆڕانکارییەکەش “لەپێناوی چاکسازییەکی جیدیدان کە بۆ سلێمانی و خەڵکەکەی زۆر باشە.”
بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ئەوەدا بووە “گۆڕانکاری بکرێت تاوەکو قۆرخکاری لە پۆستەکاندا نەکرێت و چاکسازییەکی کۆنکرێتیش هەبێت.”
ئەمڕۆ شەممە هەوڵ بۆ کۆبوونەوەی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەسەر داوای بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبەکە درا، بەپێی زانیارییەکان، بافڵ تاڵەبانی بە نێوەندگیرەکانی گوتووە، “ئەمە جێبەجێکردنی یاسایە، رێگرییە لە قاچاخچێتی، لەسەر ئەمە هەندێک ساردی لەنێوان هەردوو هاوسەرۆکدا دروست بووە.”
زانراوە هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ کۆبوونەوەی هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی ئەنجامیان نەبووە و تاوەکو ئێستا یەکدییان نەبینیوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە سەرۆکی تیمی یەکێتیشە لە حکومەت، پێشتر داوای لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە تاوەکو فەرمانی هەرێمی بۆ دوو بەرپرسە نوێیەکەی دژە تیرۆر و دەزگای زانیاری لە سلێمانی دەر بکات.
س/ رووداو