وه‌زیری شه‌هیدان: وێڕای هه‌موو قه‌یرانه‌كان كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم له‌ خزمه‌تكردن به‌رده‌وام بوو

عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی چاكسازییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ماوه‌ی 2 ساڵی ته‌مه‌نی له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان گوتی: وه‌زاره‌تی شه‌هیدان لایه‌نێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ناو كارنامه‌ی حكومه‌ت بۆ چاكسازیكردن، ئه‌ركی سه‌ره‌كی یاسای چاكسازیش له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی دادپه‌روه‌رییه‌ بۆ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان.

عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود گوتیشی: دوای ئه‌وه‌ی یاسای چاكسازی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ند كرا، له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش په‌یڕه‌وی بۆ ده‌ركرا، ئێمه‌ش ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ی په‌یوندییان به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مانه‌وه‌ هه‌بوو و تایبه‌ت بوون به‌ شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان، زیندانیانی سیاسی، تاقانه‌كانی ئه‌نفال، به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی و گواستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی شه‌هیدان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌پێی یاسای چاكسازی له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان لیژنه‌مان بۆ ئه‌و مادده‌ و بڕگانه‌ پێكهێناوه‌ و له‌ كاره‌كانیان به‌رده‌وامن و تا ئیستا كاری زۆر باشیان كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێمه‌ یه‌كێكین له‌و وه‌زاره‌تانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان به‌شداریمان له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی دادپه‌روه‌ری و نه‌هێشتنی جیاوازیدا كردووه‌‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وه‌شدا خزمه‌تگوزارییه‌كانمان بۆ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان به‌رده‌وام بووه‌.

ئاشكراشیكرد، ئاماژه‌كانی ئه‌نجامه‌ ئه‌رێنییه‌كانی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان ده‌ركه‌وتوون و له‌ داهاتوودا ئه‌و ئه‌نجامانه‌ باشتریش ده‌بن، چونكه‌ خودی سه‌رۆك وه‌زیران و كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم به‌ گشتی، پشتیوانییه‌كی زۆر باشیان بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه‌ رێچكه‌ی خۆی وه‌رگرتووه‌ و قۆناغی باشی له‌وپێناوه‌دا بڕیوه‌.

هه‌وره‌ها گوتی: ئێمه‌ له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌ی تایبه‌ته‌وه‌ كۆتاییمان به‌ كیشه‌ی تاقانه‌كانی جینۆساید هێنا و پێداچوونه‌وه‌ش بۆ لیستی زیندانیانی سیاسی به‌رده‌وامه‌، چونكه‌ پرۆسه‌كه‌ درێژخایه‌نه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، لیژنه‌كانیان له‌ ته‌واوی پارێزگاكان له‌ پێداچوونه‌وه‌ بۆ دۆسییه‌كانی شه‌هیدانی سه‌نگه‌ر، جینۆساید و هاووڵاتیدا به‌رده‌وامن و پرسی به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیاییش كاری باشی له‌سه‌ر كراوه‌.

وه‌زیری شه‌هیدان باسی ئه‌وه‌شی كرد، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كۆمه‌ڵێك قه‌یران رووی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد، له‌وانه‌ش: قه‌یرانی دارایی و په‌تای كۆرۆنا و به‌رده‌وامی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غدا، كه‌ دوای ئه‌و هه‌موو كۆبوونه‌وه‌ و سه‌ردانانه‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا، تا ئێستاش به‌غدا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، حكومه‌تی هه‌رێم له‌ پیشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌رده‌وام بووه‌، وه‌زاره‌تی شه‌هیدانیش زۆرترین ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ سه‌رشان، له‌وانه‌ش: دابه‌شكردنی زه‌وی و زار و دابینكردنی تێچووی خوێندنی كوڕ و كچی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی.

ئاشكراشیكرد، قه‌رزی خوێندنی كوڕ و كچی شه‌هیدان كه‌ له‌ كابینه‌كانی پێشووش له‌سه‌ر حكومه‌ت مابوونه‌وه‌، له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌مدا ئه‌و قه‌رزانه‌ش دراونه‌ته‌وه‌ و پلانمان بۆ ئه‌وه‌ش هه‌یه‌، گرفتی زه‌وی و زار بۆ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌ و كێشه‌ی تاپۆكردنی ژماره‌یه‌كی زۆری خانووشمان چاره‌سه‌ر كردووه‌.

 

س: k24

Back to top button