ئایدن مەعرووف: حكوومەتی هەرێم مافی پێكهاتەكانی پاراستووە
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان ڕای دەگەیەنێت، یاسای پێكهاتەكان باشترین یاسایە بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەكان، ئێستە حكوومەت بووەتە چەترێك بۆ پێكهاتەكانی تری عێراقیش كە ئاوارە دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی تەمووز، ئایدن مەعرووف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئێستە پێكهاتەكان هەرێمی كوردستان لە ژیانێكی ئارامدا دەژین و مافەكانیان پارێزراوە.
زیاتر گوتی، ئەو یاسایەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، زۆرترین مافی بۆ پێكهاتەكان دابین كردووە و باشترین یاسایە، لە هەرێمی كوردستان لە رووی یاسایی و سیاسییەوە ماف بۆ پێكهاتەكان و پێكەوەژیان دیاری كراوە، لە عێراقدا هێشتا مەترسیی لەناوبردنی پێكهاتەكان هەیە و هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیایان دەدرێت.
ڕوونی كردەوە، لە هەرێمی كوردستان نەك ماف بۆ دانیشتووانە ڕەسەنەكانی پێكهاتەكان دیاری كراوە، بەڵكو ئەو پێكهاتانەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقیشەوە ئاوارەی كوردستان بوونە، ئەوانیش جێیان كراوەتەوە و مافیان بۆ دەستەبەر كراوە، ئەوەیش مانای وایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان مافی پێكهاتەكانی پاراستووە.