سەرجەم هێڵەکانى ئینتەرنێت لە هەرێمى کوردستان رادەگیرێن
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ بۆ رێگری كردن لە شێوازەكانی (قۆپیە) كردن لە ئەزموونەكانی ئەمساڵ بەتایبەت قۆناغی (12)ی ئامادەیی، خزمەتگوزارییەکانى ئینتەرنێت لەکاتى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکاندا رادەگیرین.
بەرێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندیەكانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: لە دیوانى وەزارەتى گواستنەوە بە ئامادەبونى ئانۆ جەوهەر وەزیرى گواستنەوە و کاروان رەزا بەرێوەبەری گشتی پۆستەوگەیاندن و نوێنەرانی سەرجەم كۆمپانیاكانی بواری خزمەتگوزاری گەیاندن، کۆبونەوەیەک ئەنجامدرا.
دەشڵێت: کۆبونەوەکە بۆ راگرتنى هێڵەکانى ئینتەرنێت بوو، ئەوەش بە ئامانجى رێگریکردن لە دیاردەکان و شێوازى قۆپیەکردن لە ئەزمونەکانى ئەمساڵ بەتایبەت قۆناغى (12)ى ئامادەیى کە بڕیارە لە (25/7/2021) بەڕێوەبچێت.
جەختیش دەکاتەوە، بڕیاردرا لە کاتى تاقیکردنەوەکاندا سەرجەم خزمەتگوزارییەکانى ئینتەرنێت لەكاتی دیاری كراوی رۆژانە تا پرۆسەی تاقی كردنەوەكان، رابگیرێن.