سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە کونسولى تازەى ئەمەریکا کرد
پاشنیوەڕۆ ئەمڕۆ سێشەممە 2021/7/13 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز ڕۆبێرت پالادینۆ، کونسولى گشتیى تازەى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بەخێرهاتن و پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لە کونسولى گشتیى تازەى ئەمەریکا لە هەرێمى کورستان کرد، هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و هەموو پشتگیرییەکى بۆ سەرکەوتنى ئەرکەکەى نیشان دا.
بەڕێزیان دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردسان بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمەریکا دەڕوانیت و خوازیارى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکان و بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوانیانە و وەک هەمیشە فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى لە عیراق و ناوچەکە دەبێت.
لای خۆیەوە بەڕێز کونسولى گشتیى تازەى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان، وێڕاى خۆشحاڵى بە دەستبەکاربوونى، پەرۆشیى خۆى بۆ کارکردن و برەودان بە بوارەکانى هاوبەشی لەگەڵ هەرێمى کوردستان نیشان دا و خواستى ئەمەریکاى بۆ بەردەوامیى پەیوەندییەکان و برەودان بە بوارەکانى هاوبەشى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە.
دۆخى عیراق و هەرێمى کوردستان بەگشتى، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عیراق، دەرفەت و تەحەددییەکان، هەڕەشە و مەترسییەکانى تیرۆر، بەرەنگاربوونەوەى داعش و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، بەشێکى دیکەى دیدارەکە بوون.