جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ بازرگانانى سلێمانى : له‌مه‌ولا لە سلێمانی بازاڕ ئازاد دەبێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی  کۆبووەوە و رایگە‌یاند “لەمەولا بازاڕ ئازادتر دە‌بێت و كێبەركێی تە‌ندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی دەستەبەر دە‌كە‌ین”.

لە کۆبوونەوەکە كە ‌ ئە‌مڕۆ (١٤ تەموزی ٢٠٢١) لە سلێمانی بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکی حکومەت، باسی لە گرنگی كە‌رتی تایبە‌ت كرد و گوتی “حكومە‌ت كارئاسانی دە‌كات بۆ ئە‌وە‌ی كە‌رتی تایبە‌ت بە‌ھێزتر بێت و ھاوكاربێت لە‌گە‌ڵ كە‌رتی گشتی لە‌ رە‌خساندنی ھە‌لی كار و بووژاندنە‌وە‌ی ژێرخانی ئابوری”.

وتیشی: “چیتر ھیچ كە‌س و لایە‌نێك بۆی نییە دە‌ستوەردان بکات لە كاروباری بازرگانی و بازار قۆرخ بكات”.

ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا: “ئەرکی دەزگا ئەمنییەکان دابینکردنی ئارامی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانە‌ و دەبێت خۆیان لە سیاسەت و ھە‌ر بابە‌تێكی تر بە دوور بگرن”.

لە‌بە‌شێكی تری قسە‌كانیدا قوباد تاڵە‌بانی باسی لەوەکرد، دە‌بێت فە‌رمانگە‌كانی حكومە‌ت كارئاسانی بكە‌ن لە‌پێناو راییكردنی كاروباری بازرگانان، ئەوانیش وەك حكومەت بازاڕ ئازادتر دە‌كە‌ن و كێبڕكێیە‌كی تە‌ندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی و بازرگانان دەستەبەر دە‌كە‌ن.

ھە‌روە‌ھا ئاماژە‌ی بە‌كە‌مكردنە‌وە‌ی رۆتین كرد و پلانی حكومە‌تی بۆ نە‌ھێشتنی رۆتین لە‌ راییكردنی كاروباری بازرگانان و ھاووڵاتیان بە‌شێوە‌یە‌كی گشتی روونکردەوە و گوتی: “دە‌سە‌ڵاتە‌كان شۆڕدە‌كرێتە‌وە‌ بۆ پارێزگا و بە‌ڕێوبە‌رایە‌تییە‌كان بۆ ئە‌وە‌ی رۆتین كە‌مبكرێتە‌وە‌ و باشتر خزمە‌تی ھاووڵاتییان بكرێت”.

لای خۆشیانەوە بازرگانان باسیان لە‌ گرفت و لە‌مپە‌رە‌كانی كاركردنی خۆیان كرد و جێگری سە‌رۆك وە‌زیران دڵنیایی كردنەوە‌ كە‌ ئیتر رێگرییان لێناكرێت.

Back to top button