وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق داوای راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی سه‌رتاسه‌ری ده‌كات 

 

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە رێنماییەکانی خۆپارێزی و وەرنەگرتنی ڤاکسین، وڵاتەکە بەرەو راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی دەچێت.

 

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانی لە پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی و وەرنەگرتنی ڤاکسین و نەپۆشینی ماسک دەربڕی.

 

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق راشیگەیاندووە کە بە نیگەرانییەوە دەڕواننە رەوشی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا و ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە ئەگەری بەردەوامی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە ئەوا راسپاردە پێشکەش بە لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانی دەکەن لەوانە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی و داخستنی سنوورەکان.

 

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٤٥٧ ھەزار و ١٩٢ کەس و لەو ژمارەیەش ١٧ ھەزار و ٦٧٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و یەک ملیۆن و ٣٢٦ ھەزار و ٧٣ کەسیش دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە.

Back to top button