به‌رنامه‌ی كاری سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ توركیا بڵاوده‌كرێته‌وه‌

خواكوڕك

ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌مه‌ 26/2/2017 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كورستان به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ فرۆكه‌خانه‌ی ئه‌تاتورك له‌ ئه‌سته‌نبوڵ و له‌لایه‌ن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ته‌لاری تایبه‌تی ناو فرۆكه‌خانه‌، كه‌ به‌پێی پرۆتۆكۆڵی توركیا شوێنی پێشوازی سه‌رۆكه‌كانی جیهانه‌، پێشوازی لێكرا.

به‌پێی به‌رنامه‌ی كاری سه‌ردانه‌كه‌، هه‌ر ئه‌مرۆ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ئه‌سته‌نبول له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته‌ كۆده‌بێته‌وه‌ و دوای ته‌واو بوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش راسته‌وخۆ به‌ره‌و ئه‌نقه‌ره‌ ده‌چێت و بۆ رۆژی دواتر واتا 27/2/2017 سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ بیناڵی یلدرم سه‌رۆكی حكومه‌تی توركیا كۆده‌بێته‌وه‌.

له‌م سه‌ردانه‌ی بارزانی بۆ توركیا هه‌ریه‌ك له‌ پرسه‌كانی دۆسیه‌ی ئازادكردنی هاوسه‌رۆك و په‌رله‌مانتاره‌كانی هه‌ده‌په‌ و پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا و دۆسیه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك و چاره‌نووسی په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی رۆژئاوای كوردستان و دۆخی عێراق و سوریا دوای داعش، تاوتوێ ده‌كرێن.

ئه‌م سه‌دانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم دوای ئه‌وه‌ی دێت، بارزانی له‌ رۆژانی 17-18-19/2/2017 سه‌ردانی ئه‌ڵمانیای كرد به‌مه‌به‌ستی به‌شداری كردن له‌ كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، پاشان له‌ رۆژانی دواتر سه‌ردانی وڵاتی فه‌ره‌نسای كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ كۆبویه‌وه‌.

Back to top button