سەرۆک بارزانی دێڕ بە دێڕی مێژووی بارزانی نەمر دەنووسێتەوە
سوورە مەرگەیی
ئەگەر تا دوێنێ دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان جگە لە پەنا بردن بۆ چەک هیچ دەرفەت و پەنایەکی تریان لەبەردەم بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد نەهێشتبۆوە، بارزانی نەمر وەک هەڵگری خواستی نەتەوەیی و بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سەربەخۆیی، چەک و بڕوای شۆڕشگێڕێ کردە دووانە هێزی سنووربڕی سنووری دەستکرد و دەرگای ئومێد و دەرفەتی بە رووی شۆڕشەکانی کورددا دەکردەوە و لەم بەشەوە بۆ ئەو بەشەی تری کوردستان پەیامی سەربەخۆیی دەگواستەوە، ئەوە کۆماری کوردستان و تێکەڵ کردنەوەی مێژووی باشوور و رۆژهەڵات، ئەوە شۆرشی شێخ سەعیدی پیران و تێکەڵ کردنەوەى هێز و بڕوای شۆڕشگێڕانی باشوور و باکوور، ئەوە روباری (ئاراز)و پاراستنی ئامانەتی پێشەوا قازی و شکۆی هەر چوار پارچەی کوردستان، هەموو ئەوانە پەیامی هاوخەباتی و هاوچارەنووسی نەتەوەیەکی ژێردەستە بوون کە بارزانی نەمر بە هێزی شۆڕشگێڕی گەمارۆی سیاسەتی دوژمنکاری سەر بزووتنەوی رزگاریخوازی کوردی پێدەشکاندن و بە دوژداگیرکارانی دەگوت: ئەگەرچی ئێوە توانیوتانە بە هێز و زەبروزەنگ جەستەی نیشتیمانێک لەتکەن، ئەوا لە بەرامبەردا هێزێکی شۆرشگێڕی ئازادیخواز هەیە و ئیرادەی نەتەوەیی و مێژووەکەی لێک گرێ دەداتەوە.
لە ئەمڕۆدا سەرۆک بارزانی وەک شوێنگرەوەیەک بۆ هزری نەتەوەیی و هێزی سنووربڕی سنووری درستکرد دێڕ بە دێڕی مێژووی بارزانی نەمر دەنووسێتەوە، بەلای بارزانی نەمرەوە گرنگ بوو بەشێکی کوردستان بکاتە دەروازەیەک بۆ رزگار بوونی بەشەکانی تر، هەر وەک خۆشی فەرموویەتی: بەلامەوە گرنگە ئاڵای کوردستان لەسەر لوتکەی چیایەک هەڵبکەم، گرنگ نییە لوتکەی ئەو چیایە لە مەهاباد یان هەولێر یان دیاربەکر دەبێ، هەر بۆیەش لە هەر بەشێکی کوردستان دەرفەتی بۆ رەخسابێ بارزانی نەمر وەک چەکوچی نەتەوەیی و هێزی فریادڕەس ئازادیخوازان لەو بەشە ئامادە بووە.
وەک ئاماژەم بۆ کرد لە هەر بەشێک دەرفەتێک بۆ کورد رەخسابێ بارزانی نەمر بە خۆی هێزە شۆڕشگێڕەکەی لەو بەشە ئامادە بووە، سەرۆک بارزانیش بە هەمان رێبازدا هەنگاو دەنێ و لە ئێستادا لە باشوور دەرفەت رەخساوە و هێزی سیاسی و دیبلۆماسی و شۆڕشگێڕی ئاراستەی پرسی سەربەخۆیی ئەو بەشە کردووە، بەڵام چاوی لەسەر بەشەکانی تریشە و بۆ چارەسەری پرسی کورد لە رۆژەهەڵات و رؤژئاوا و باکووریش هەوڵە سیاسی و دیبلۆماسیەکانی چڕ کردوونەوە، وەک سیاسییەکی ئەزمووندیدە و لە رێبازی بارزانی نەمریشەوە فێر بووە کە بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی دەتوانرێ سیحری سیاسەتی داگیرکاری داگیرکاران بەتاڵ بکرێتەوە و کورد بگەیەنرێتە کەناری ئارام و خواستی سەربەخۆیی بهێنرێتەدی، هەر بۆیەش هەوڵەکانی لەسەر رێکخستنی ناوماڵی کورد لە رۆژئاوا خستنە گەڕ و ئێستاش بەردەوامە، بۆ رۆژهەڵاتیش هەمان دەور دەبینێ، بۆ باکووریش درێغی نەکردووە و ئێستا بۆ دەستپێکردنەوەى پرۆسەی ئاشتی لە هەوڵی ئازاد کردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی دایە، لێرەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە بە هەموو پێوەرەکان سەرۆک بارزانی لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان بۆتە مەرجەعی چارەسەری پرسی کورد و لایەنە شۆڕشگێڕ و سەربەخۆخوازەکانی هەر چوار بەشەکەش مەرجەعبوونی سەرۆک بارزانییان قبووڵە، رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە و چارەسەری پرسی کورد وەک پرسێکی نەتەوەیی لە هەموو ئەو حزب و دەستە و گرووپانەش دەخوازێ کە بە هەر هۆکارێک لە بازنەی نەتەوەیی دەرچوون، دەستبەرداری سەرەڕۆیی سیاسی و مەرامی حزبی ببن و بگەڕێنەوە ناو بازنەی نەتەوەیی.