هه‌ڵه‌بجه‌: داواى ئازادكردنى رۆژنامه‌نووس ناسيح عه‌بدولره‌حيم ده‌كرێت كه‌ بەهۆی باسکردنی دۆسیەکی گەندەڵی زیاتر لە مانگێکە لە زیندانە

ناسیح ‌عەبدولرەحیم، رۆژنامەنووس و چالاکوان ماوەی مانگێکە بەهۆی باسکردنی دۆسیەکی گەندەڵی لە سۆشیال میدیا، لە پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ دەستگیر کراوە و بە زیندانیکردنی شەش مانگ سزا دراوە.

بنەماڵەی رۆژنامەنووس و چالاکوان ناسیح ‌عەبدولرەحیم، لەنێو باخی هەڵەبجە گردبوونەوە و داوایەکیان ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن بە مەبەستی ئازاد کردنی ناسیح، کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە لەسەر سکاڵای سێ کارمەندی تەندروستی هەڵەبجە لە زیندانە، بەپێی بڕیاری دادگای هەڵەبجە سزاکەی 6 مانگ زیندانیکردنە.

مەریەم فاتح، هاوسەری ناسیح،  رايگەیاند: “ئێمە وەکو بنەماڵەی ناسیح عبدلرەحیم گردبووینەوە بە مەبەستی ئازادکردنی هاوسەرەکەم، کە ماوەی 6 مانگ زیندانی بەسەر سەپێنراوە، لەکاتێکدا ئەو دژایەتی گەندەڵی کردووە و لە بەرژەوەندی خەڵکی هەڵەبجە ئەو کارەی ئەنجامداوە کە خەڵکی هەڵەبجە شایەدی ئەوەن”.

دییە ناسیح، کچی سزادراو دەڵێت: “بیری باوکم دەکەم و داواکارم بۆ ئەم جەژنە باوکم بگەڕێتەوە لامان”.

مەریوان عەبدولرەحیم، برای ناسیحە پێيوایە ئەم بەندکردنەی ناسیح دەبێتە هۆی کپکردنی دەنگی ئازاد و نابێت کەس باسی گەندەڵی بکات، هەرکەسێک باسی گەندەڵی بکات چارەنووسی وەکو ناسیح لێدێت.

مەریوان دەڵێ: “داواکارم کە لێبووردن بۆ ناسیح دەرچێت، جگە لەوەی رۆژنامەنووس بووە و کارمەندی تەندروستی بووە، ئەو کارمەندێکی دڵسۆز بووە، بۆ کارەکەی تەنانەت لەو رۆژانەی کە پشوو بووە ئەو رۆشتووە بۆ کارەکەی، بۆیە داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لێبووردنێکی تایبەت بۆ ناسیح دەربکات و بە خێزانەکەی شادبێتەوە”.

 

س:k24

Back to top button