نرخى به‌نزين له‌ به‌شێك له‌ به‌نزينخانه‌كان هه‌رزان كرا

بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر گوتی، ھەنگاوی كرداری بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین دەستی پێكردووە و لە یەكەم قۆناغیشدا نرخی بەنزین لە ٢٧بەنزینخانە هەرزان كرا، كە نرخی ھەر لیترێك كراوەتە ٦٦٠دینار.

ئاری كاكەشین، رایگەیاند، لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لیژنەیەك دروست كراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە گرانبوونی نرخی بەنزین و كاركردن بۆ هەرزانكردنی بەنزین، كە بەردەوام كار دەكەن و لە یەكەم ھەنگاویشدا نرخی بەنزین لە ٢٧بەنزینخانەی ھەولێر هەرزان كرا و نرخەكەی كراوەتە ٦٦٠دینار و ناشبێت لەو نرخە گرانتر بفرۆشرێت.

كاكەشین بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتووشيه‌تى، چەندین ھەنگاوی دیكەش لیژنەی حكوومی دیراسەی كارەكە دەكات بۆ ئەوەی بتوانێت نرخی بەنزین لە ھەرێمی كوردستان هەرزان بكات، وەكو ئەوەی رێنماییەكان ئاسانتر بكرێت و ھاتنی بەنزین زووتر بگات و ھاوكارییان بكرێت، بۆیە ئەوەی پێویست بێت ھەم لە خاڵە سنووریەكان و ھەمیش لە رێكارەكان ھاوكاریی بازرگانان دەكرێت بۆ ئەوەی نرخی بەنزین هەرزان بێت، چونكە رێكارەكان ئاسانتر بكرێت خۆی بەنزین هەرزانتر دەبێت، بەڵام زۆریش نابێت، چونكە لە شوێنی خۆی بەنزین نرخەكەی گرانە.

دەشڵێ، حكوومەت كار دەكات بۆ ئەوەی نرخی بەنزین لە ٧٠٠دینار زیاتر نەبێت، چونكە حكومەت خۆی جیددییە و نیگەرانە لە گرانبوونی بەنزین، كە لەسەر ئاستی باڵاش چاودێریی دەكەن، بۆیە كار دەكرێت بۆ ئەوەی بەنزین لە ھەرێمی كوردستان هەرزان بكرێت و نابێت بەو شێوەیە گران بێت.

Back to top button