سەرۆکى ههرێمى كوردستان، پێشوازى لە كاردینال لویس ساكۆ کرد
نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/7/18 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز كاردینال لویس ساكۆ پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێکدا دۆخى پێکهاتەى کلدان و مەسیحییەکانى عیراق و هەرێمى کوردستان بەگشتى و ڕەوشى ئاوارە مەسیحییەکانیان لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کرد، هەروەها تیشکیان خستە سەر دۆخى دەشتى نەینەوا و مەسیحییەکانى مووسڵ و ناوچەکە.
هەردوولا هاوڕا بوون کە متمانە و دڵنیایى پێویستە بۆ ئەوەى ئاوارە مەسیحییەکان بتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان و دەست بە ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەى ژیان بۆ ناوچەکانیان بکەن کە لە ئەنجامى هێرشەکانى داعشدا زیانى زۆریان بەرکەوتووە و پێویستییان بە یارمەتى و هاوکاریى نێودەوڵەتى هەیە.
بەڕێز كاردینال ساكۆ ستایشى پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن، لێبوردەیى، ئاوەدانى و پێشکەوتن و ڕۆڵى سەرکردایەتى لە هەرێمى کوردستان کرد و دووپاتى کردەوە کە کوردستانیبوون ناسنامەیەکى کۆکەرەوەى هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەیییەکانە و ئاوارە مەسیحییەکان لە وڵاتانى جیهان دەتوانن بگەڕێنەوە تا بە ئارامى و دڵنیایى لە کوردستان بژین و هاوبەشى و بەشدارى لە پێشخستن و ئاوەدانکردنەوەیدا بکەن.
لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان شانازى بە کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیییەوە دەکات و وەک هەمیشە بە لانەى ئارامى هەموو پێکهاتەکانى دەمێنێتەوە. هەردوولا سەردانى پاپاى ڤاتیکانیان بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا کە ڕۆڵى لە قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیاندا هەیە.
هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عیراق و چەند پرسێکى تایبەت بە کاروبارى کەنیسە و مەسیحییەکان لە عیراق و هەرێمى کوردستان، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.