كۆنسوڵی گشتیی ئهمریكا لە هەولێر: “ههرێمی كوردستان ماڵی نوێمه
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، رۆبێرت پاڵادینۆ دەڵێت، هەرێمی کوردستان ماڵی نوێیەتی و خواستی ئەوەیشی هەیە پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتۆن بدات.
رۆبێرت پاڵادینۆ لە پەیجی فەرمی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
پاڵادینۆ کە لە بەشێکی پەیامەکەیدا بە زمانی کوردی قسە دەکات، دەڵێت: “من ناوم رۆبەرت پاڵادینۆیە، خۆشحاڵم کە وەک کۆنسوڵی گشتی نوێێ ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان”.
دەشڵێت: “داپیر و باپیرم لە ئیتاڵیاوه کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا، خۆیشم خەڵکی نیویۆرکم و ئێستا لەگەڵ خێزان و دوو کچە نەوجەوانەکەم لە واشنتۆنی پایتەخت دەژیم”.
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لەبارەی کارەکانیشییهوه دهڵێت: “دیپلۆماتکارم و لە ماوەی ئەم ٢٠ ساڵەی رابردوودا کارەکانم لەسەر ئاسیا و ئەورووپا و رۆژهەڵاتی چڕکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی کە لە زۆر وڵات ژیاوم، وەک چین، ڤێتنام، ئیتاڵیا، بەڵام زۆر خۆشحاڵم کە بە هەرێمی کوردستان بڵێم ماڵی نوێم”.
رۆبێرت پاڵادینۆ باس لە داهاتووی کارەکانی دەکات و دەڵێت: “بەخۆشحاڵییەوە دەڕوانمە ناسینی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئاشنابوونی زیاتر بە کولتوور و مێژووی زۆر دەوڵەمەندتان”.
دەشڵێت: “لە ئەمریکا زۆر حەزم بە پێ گەشتکردن و پایسکلسواری و تاقیکردنەوەی خواردنی نوێیە و هیوادارم ئەمانە هەرسێکیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تاقی بکەمەوە، بیستوومە کە دۆڵمەکەتان نایابە”.
پاڵادینۆ بە ئاماژەدان بەپەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و دانانی وێنەی خۆی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، رایگهیاند: “شانازی دەکەم بە هاوبەشی دێژخایهن و مێژوویی ئەمریکا لەگەڵ کوردانی عێراق و پێشینەی کارەکانیشم بریتی دەبن لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان و بەردەوامیدان بە پشتیوانی ئەمریکا بۆ کوردستانێکی یەکگرتووی بەهێز و گەشەسەندن و لەچوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵی و فرەییدا”.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت: “رێگەم بدەن ئەم دەرفەتە بەکاربهێنم بۆ پیرۆزباییکردن لەوانەی جەژنی قوربان بەرز رادەگرن” و بە زمانی کوردی دهڵێت: “جەژنتان پیرۆزبێت”.
رۆژی١١ـی تەمووزی ٢٠٢١، رۆبێرت پاڵادینۆ وەک کۆنسوڵی گشتیی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دەست بەکاربوو.