قەڵادزێ: بەهۆی تەقینەوە کەسێك گیانى لەدەستداو، دووی دیکەش بریندارن

لە قەڵادزێ بەهۆی تەقینەوەی تی ئێن تییەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکە برینداربوون .
موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لەبارەی هۆکاری رووداوەکە راگەیاند، “کەسێك بە ناوی (م.س.ح)ـی تەمەن 33 ساڵان کە وەستای بیرهەڵکەندنە ویستوویەتی لە رێگەی تی ئێن تییەوە بیر هەڵکەنێت، دوای ئەوەی گەیشتووەتە شوێنێکی بەردەڵانی رەق، تەقەمەنییەکە پێیدا تەقیوەتەوە و گیانی لەدەستداوە”.
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین گوتیشی، “دوو کەسی دیکەی هاوکاریی وەستاکەیان کردووە و هەردووکیان بریندار بوون. یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 8 ساڵانە، یەکێکی دیکەیشیان مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵە و بە رۆژانە ئیشی بۆ ناوبراو کردووە”.
موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل بۆ رووداو روونیشیکردۆته‌وه‌، “ئەو وەستایەی لە رووداوەکە گیانی لەدەستداوە ئەو دوو کەسەی بەکرێ گرتووە تا بیری دەستی بۆ هەڵکەنن، بەڵام لەناو بیرەکە گەیشتونەتە شاخ و ویستویانە بە سود وەرگرتن لە تی ئێن تی شاخەکە بشکێنن، بەڵام پێیاندا تەقیوەتەوە”.
سەبارەت بە دۆخی بریندارەکان شۆڕش ئیسماعیل گوتی، “باری تەندروستیی بریندارەکان جێگیرە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە کراوەتەوە”.
Back to top button