لێبووردنی نێودەوڵەتی: ئێران چەکی کوشندە لە دژی خۆپیشاندەران بەکار دەهێنێت و تا ئێستا 8 کەسی کوشتووە
لەگەڵ ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان کە هەفتەی رابردوو کە لە ئەهواز لە باشووری رۆژئاوای ئێران بەهۆی کەمی ئاو و خراپی رەوشی گوزەران دەستی پێ کردووە، ئەمڕۆ هەینی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان بەلایەنی کەمەوە تا ئێستا 8 کەسی لە حەوت شاری جیاوازی ئەو هەرێمە کوشتووە و دەیان کەسی دیکەیان بریندار و دەستگیر کردووە کە زۆربەی لە پارێزگای خوزستان تۆمار کراون.
هەروەها رێکخراوەکە داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد دەستبەجێ بەکارهێنانی چەکی کوشندە رابگرن و دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات.
رێکخراوەکە ئاماژەشی پێدا، دەسەڵاتدارانی ئێران ئەزموونێکی تۆقێنەری هەیە لە بەکارهێنانی هێزی کوشندەی نایاسایی، لەو بارەیەوە ئاماژەی دا بە رووداوەکانی خوزستان کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2019 روویان دا.