وه‌زيرى ناوخۆ : ئەم ھەفتەیە لەگەڵ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆ دەبینەوە و بڕیاری پێویست دەردەکەین

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جۆری نوێی دەلتا، بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە و هەڕەشەیکی مەترسیدارە بۆ سەر گیانی خەڵک، لە هەرێمی کوردستانیش ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەکرێ و وەزیری ناوخۆش رای دەگەیەنێت، ئەم ھەفتەیە لەگەڵ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆ دەبینەوە و بڕیاری پێویست دەردەکەین.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  ڕايگەیاند: “بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە جۆری دەلتا، ئەم ھەفتەیە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام دەدەین و ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە تەندروستی و پارێزگار و یەکە کارگێڕییەکان و پۆلیس و ئاسایش بەشداریی کۆبوونەوەکە دەبن، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێویست دەدەین بۆ چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوە و دانانی سنوورێک بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە جۆری دالتا”.

گوتیشی: “لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی ورد بۆ بارودۆخەکە دەکەین و گوێ لە ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەگرین، بۆ ئەوەی بزانین پێشنیاری ئەوان چی دەبێت، دواتر لەبەر ڕۆشنایی ئەو تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە، بڕیاری پێویست دەدەین، ئەگەر پێویست بکات بۆ پاراستنی تەندروستیی ھاوڵاتییان، ھەر بڕیارێک گرنگ و پێویست بێت دەدەین، بەڵام پێشوەختە ناتوانم بڵێم بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ ڕادەگەیەنین، یان دەست بە کەرەنتینە دەکەینەوە”.

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: “ئێمە وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لەماوەی ئەم دوو ساڵەی، کە ڤایرۆسی مەترسیداری کۆرۆنا لە جیھاندا بڵاوبووەتەوە، ھەرچی پێویست بووبێت کردوومانە، لە ھۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە، لە ڕێکاری پێویست، لە قەدەغەی ھاتوچۆی ھاووڵاتییان، بەڵام ئێستا بەرپرسیارێتییەکە لەسەر شانی خودی ھاووڵاتییانە، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان ماسک بەستن بکەن بە کولتوورێکی ڕۆژانە و کاتێک لە ماڵ دەرچوون و چوونە شوێنە گشتییەکان و فەرمانگە و بازاڕ و مۆڵەکان، ئەگەر ماسک بەکار بھێنن، یان ماوەی نێوانی خۆیان و خەڵکی دەوروبەر چەند مەترێک بێت، بێ گومان کاریگەریی سەد لەسەدی دەبێت بۆ خۆپاراستن”.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ باسنيوز جەختی لەوەش کردۆته‌وه‌: “تکای ئێمە لە ھاووڵاتییان ئەوەیە، بۆ سەلامەتیی خۆتان ماسک بەکار بھێنن و ڕێکارە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن، ھەروەھا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانتان کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی کەمترین بەریەککەوتن ھەبێت، چونکە ئەم ڤایرۆسە و ھەموو ڤایرۆسە گۆڕاوەکانی کۆرۆنا، ئەگەر تێکەڵاویی نەبێت، بڵاویش نابێتەوە، کەواتە ئەرکی سەرەکی لەسەر شانی خودی ھاووڵاتییانە، ئێمەش وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ دەکەین و ھاوکاریی ھاوڵاتییان دەکەین و ئاسانکاری لە بەڕێوەچوونی کار و کەسابەتی ھاووڵاتییان دەکەین، بەمەرجێک خۆپارێزیی ھەبێت، ئەگەر خۆپارێزی وەکو پێویست نەبێت، ناچارین بگەڕێینەوە بۆ قۆناغەکانی سەرەتای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایراسی کۆرۆنا و ڕێکارە توندەکان بگرینە بەر”.

جەختیشی کردەوە: “داوا لە ھاووڵاتییان و خاوەن کارەکان و ھۆتێل و چێشتخانە و دوکان و خاوەن فرۆشگاکان دەکەم، پابەندی رێنوێنییەکانی خۆپارێزی بن، دواتر ئەگەر ڕێکاری توندمان گرتەبەر، لەسەر ئاستەنگی کەسابەت و ژیانی ڕۆژانەی خۆیان گلەییمان لێ نەکەن، ئەگەر ئێستا خۆیان بپارێزن باشترە لەوەی ڕووبەڕووی ڕێکاری توند ببینەوە، چونکە خۆمان وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھاووڵاتاییانش زەرەمەند دەبن، بەڵام ئەگەر ھەموومان پابەندی رێنوێنییەکان بین، ئەوکاتە ھەموومان لەو ڤایرۆسە پارێزراو دەبین و کوردستانیشمان پارێزراو دەبێت”.

Back to top button