سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی باڵای ئابووری دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی تەممووزی 2021، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆ بووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمى كوردستان بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە هەر لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی دارایی بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، حکوومەت هەموو هەوڵێکی خستە گەڕ لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە کاری لە پێشینەی حکوومەت بووە‌. ئەوە بوو بەو داهاتەی لەبەردەست بوو مووچە دابەش کرا. ئێستاش دوای ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی گەیشتینە ڕێککەوتن سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و دوای ناردنی 200 ملیار دینار، حکوومەتی هەرێمى كوردستان لەمڕۆوە دەست بە ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی مووچە دەکات بە تەواوی و بێ لێبڕین، ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی بەردەوام بێت لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمى كوردستان، ئەوە حکوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە کاتی خۆی مووچەی تەواو دابەش دەکات.

لە‌كۆبوونە‌وە‌کەدا، ئاماژە‌ بە‌وە‌ش درا كە‌ ڕێكخستنە‌وە‌ی كۆكردنە‌وە‌ی داھاتی ناوخۆش كاریگە‌ریی ئە‌رێنی ھە‌بووە لە دابینكردنی مووچە‌ی مووچە‌خۆران بە‌ تە‌واوە‌تی.

Back to top button