سەركردەیەكی گۆڕان بۆ پەرلەمانتارە كوردەكانی نەیاری هەرێمی كوردستان و تاقمەكەیان: درۆكانتان بۆ خەڵك ئاشكرا بوو

ئه‌ندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی ژمارەیەك لە پەرلەمانتارە كوردەكانی نەیاری هەرێمی كوردستان دەداتەوە و نایشارێتەوە كە درۆكانی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ خەڵكی ئاشكرا بووە.

پاش شكستهێنانی هەوڵە بەردەوامەكانیان بۆ ڕێگەگرتن لە رێككەوتنی هەولێر و بەغدا و گرتنەبەری چەندان ڕێگە بە مەبەستی زیانگەیاندن بە هەرێمی كوردستان و مووچەخۆران، هەریەك لە (ئەحمەدی حاجی رەشید، غالب محەمەد، سەركەوت شەمسەدین و رێبوار كەریم)، پەرلەمانتارانی عێراق كە لە نێو خەڵكی كوردستاندا بە جاشە كوردەكانی بەغدا ناسراون، بانگەشەی ئەوەیان كرد گوایە ئەوان هۆكاری ناردنی بەشە بودجەی كوردستان بوون لە بەغداوە.

لە بەرامبەردا كەریم فەخری، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان رايگەیاند: “غالب محەمەد و ئەحمەدی حاجی رەشید و ڕێبوار كەریم و سەركەوت شەمسەدین درۆ لەگەڵ گەلی خۆیان دەكەن و درۆكانیشیان بۆ خەڵك ئاشكرا بوو، ئەوان درۆ لەگەڵ خودی خۆشیان دەكەن، چونكە لە كاتێكدا مووچەی زۆر وەردەگرن، موزایەدەش بە قووتی خەڵكی فەقیرەوە دەكەن”.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەو كەسانە هەرچەندە خۆیان بە نوێنەری گەلی كوردستان دەناسێنن، بەڵام “له‌ راستیدا نوێنه‌ری خۆیانن، خه‌ڵک باش تێگه‌یشتووه‌، قسه‌ی بریقه‌دار و بێ کردار زۆرن، به‌ڵام له‌ ئەرزی واقیعدا هیچ ناكەن”.

ئەو سەركردەیەی گۆڕان كه‌ بۆ باسنيوز قسه‌ى كردووه‌ پرسیار لە پەرلەمانتارەكان دەكات، “ئێوە لە بەغدا بوون، جگە لە هات و هاوار چی دیكەتان كرد؟”. هاوكات نایشارێتەوە كە “هەندێكتان دەتانویست کوردستان هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، یه‌کێکتان دەیویست مووچه‌ی مووچەخۆران بخاتە سەر بەغدا، ئەویتر داوای دەكرد سوپای عێراق دەست بەسەر كێڵگە نەوتییەكاندا بگرێت، پێمان ناڵێن دەرئەنجامی هەوڵەكانتان چی بوو؟“.

لە كۆتاییشدا نەیشاردەوە كە “دەبێ خەڵك لەوە تێبگات، ئەو پەرلەمانتارانە تا گیرفانی خۆیان هه‌بێت، که‌سیان لا مه‌به‌ست نییه‌”.

Back to top button