هاوپەیمانان كاروانێكى ترى هاوكارى سەربازیان رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە كرد
ئەمڕۆ دووشهممه لهشارى ههولێر هاوپەیمانان کاروانێکی دیکەی هاوکاریی سەربازییان رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و بڕیارە بەسەر لیواکانی پیادەى وهزارهتى پێشمهرگه دابەشبکرێت.
سەنتەرى ميديای وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو هاوکارییانە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و رايگهياند “لە درێژەی ئەو کۆمەک و هاوکاریانەی هاوپەیمانان پێشکەش بەهێزی پێشمەرگەی کوردستانی دەکەن، بەشێک لەو هاوکاریانە گەیشتنە دەست هێزەکانی پێشمەرگە و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان واژۆی پێدان و وەرگرتنی ئەو هاوکاریانە لە لایەن هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.”
سەنتەرى ميديای وەزارەتی پێشمەرگە راشيگهياند، “ئەو هاوکاریانە لە چوارچێوەی پرۆگرامێکی تایبەتە لەڕێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە پێشکەش بە پێشمەرگە دەکرێت، بۆ لەناوبردن و تێکشاندنی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان.”