سبه‌ی لیژنه‌ی باڵای كۆرۆنا كۆده‌بێته‌وه‌ … كه‌ره‌نتینه‌ی سه‌رتاسه‌ری له‌ هه‌رێمى كوردستان یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌

له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانی ته‌ندرووستی داوای راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ و كه‌ره‌نتینه‌ ده‌كه‌ن و ئاماره‌كانی كۆرۆنا رۆژ له‌ دوای رۆژ زیاتر هه‌ڵده‌كشێن. هاوكات بریكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی رایگه‌یاند، داوای كه‌ره‌نتینه‌ی سه‌رتاسه‌ریمان كردووه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌ك له‌ ته‌ندرووسی هه‌ولێر و گه‌رمیان داوایان كرد، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی سه‌رتاسه‌ری رابگه‌یه‌نرێت.

هاوكات بڕیاره‌ سبه‌ی لیژنه‌ی باڵای كۆرۆنا بۆ تاوتوێكردنی پرسی هه‌ڵكشانی ئاماره‌كانی تووشبوون به‌ كۆرۆنا كۆببێته‌وه‌.

هه‌ڵكشانی ئاماره‌كان دوای پشووی جه‌ژنی قوربان و هاتنی ده‌یان هه‌زار گه‌شتیاری ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق دێت، كه‌ له‌ رۆژانی جه‌ژندا سه‌ردانی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان كردبوو.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، د. رهێڵ فه‌ره‌یدوون، بریكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی رایگه‌یاند، ئێمه‌ داوای كه‌ره‌نتینه‌ی سه‌رتاسه‌ریمان كردووه‌ و سبه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای كۆرۆنا تاوتوێی ئه‌و داوایه‌ ده‌كرێت.

گوتیشی: ئه‌گه‌ر كه‌ره‌نتینه‌ی سه‌رتاسه‌ری رانه‌گه‌یه‌ندرێت، ئێمه‌ داوای كه‌ره‌نتینه‌ی سنووردار (به‌شه‌كی) ده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها گوتی: داوامان كردووه‌، جگه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی ده‌وامی فه‌رمانبه‌رانی دیكه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كان كه‌مبكرێته‌وه، به‌و مانایه‌ی له‌ رووی ژماره‌وه‌، ژماره‌یه‌كی كه‌متر له‌ فه‌رمانبه‌ران له‌ فه‌رمانگه‌كاندا ده‌وام بكه‌ن.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌وان به‌ پێویستی ده‌زانن هه‌ندێك شوێن كه‌ قه‌ره‌باڵغی درووست ده‌كه‌ن دابخرێن.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، ره‌وشه‌كه‌ سه‌خته‌ و پێویست ده‌كات رێكاری توند بگیرێته‌ به‌ر.

 

س:k24

Back to top button