حكومهتی ههرێم 32 ئۆتۆمبێلی خۆی دهفرۆشێت
فەرمانگەى کاروبارى کارگێڕى و دارایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 32 ئۆتۆمبێلی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە زیادکردنێکی ئاشکرادا دەفرۆشرێن.
لە راگەیێندراوی فەرمانگەى کاروبارى کارگێڕى و دارایی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، “بەپێى فەرمانى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران ژمارە (4652)ى کە رێکەوتى 28-04-2021ى زایینى بۆ فرۆشتنى 74 ئۆتۆمبێلى جۆراوجۆرى خۆى دەریکردووە، بڕیاروایە کاژێر 10:00ى سەرلەبەیانیى رۆژى چوارشەممە رێکەوتى 25-08-2021ى زایینى، لە قۆناخى یەکەم تەنها 32 ئۆتۆمبێلیان لە زیادکردنێکى ئاشکرادا و بەپێی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە 1ی ساڵی 2021ی هەموارکراو بفرۆشرێن”.
فەرمانگەى کاروبارى کارگێڕى و دارایی هاونیشتمانیانی ئاگادارکردووەتەوە کە لەو رێکەوتەدا ئامادەى زیادکردنەکە بن و ئەگەر ئەو رۆژە پشووى فەرمى بوو، ئەوا زیادکردنەکە بۆ رۆژى دواتر دوادەخرێت.
هەروەها لەو راگەیێندراوەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر کەسێک کە خوازیاربێت، دەتوانێت سەردانى لیژنەى فرۆشتن و هۆبەى ئۆتۆمبێلى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران بکات بە لەبەرچاوگرتنى ئەم خاڵانەى خوارەوە:
ـ دانانى بارمتەى یاسایی بە بڕى (66.255.000) شەست و شەش ملیۆن و دووسەد و پەنجا و پێنج هەزار دینار.
ـ رسومات و خەرجییەکانى بڵاوکردنەوەى ئەم ئاگادارییە دەکەوێتە ئەستۆى ئەو بەشداربووەى کە زیادکردنەکەى بۆ دەردەچێت.
ـ فرۆشتنى ئۆتۆمبێلەکان بەشێوەى نەختینە (نەقدى) دەبێت و دینارى عێراقى لە کڕیار وەردەگیردرێت