حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پەیامێكی هۆشداری دەداتە چەكدارانی كوردی سەر بە رژێمی ئێران دەنێرێت

خواكوڕك 

پاش ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران هێزێكی چەكداری لە رۆژهەڵاتی كوردستان، دروست كرد بۆ دژایەتی هێزەكانی پێشمەرگەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران هۆشداری دەدات و دەلێت دەبێت دەست لەو چەكە هەڵگرن و هۆشداری تووند دەداتە چەكدارانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان كە چەكیان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران هەڵگرتووە، دەلێت هاوكاری و یارمەتیكردنی هێزی ئێران بدەن رووبەرویان دەبێتەوە”.

كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە پەیامێكدا كە وێنەیەكی بۆ خواكوڕك نێردراوە، هۆشداری دەداتە چەكدارانی كوردی سەر بە رژێمی ئێران و دەلێت لە ئەگەری بەردەوامی و خزمەتی ئەم چەكدارانە بە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیدا هۆشداری دەدات و داواكارە چەكدارەكانی سەر بە ڕێژیم، ئەگەر ناتوانن هاوكاریی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات بكەن، بە لانی كەمەوە دژایەتیی هێزی پێشـمەرگە و خەباتی ڕەوای ڕۆلەكانی گەل نەكەن. ئەوەی ڕوونە، ئەو چەكدارانەی كە خزمەت بە سیاسەتەكانی ڕێژیم دەكەن و لە هاوكاری و یارمەتیكردنی هێزی سەركوتكەری دەسەڵات بەردەوامن، لە گەڵ هەڵوێست و دژكردەوەی هێزی گەل ڕووبەڕووو دەبنەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانین جەخت بكەینەوە كە ئەركی سەرشانی سەرجەم چین و توێژ و تاكەكانی كۆمەڵگای كوردستانە بە ڕێنوێنی، هاندان و لۆمەی ئەم چەكدارانە، ڕێگا بۆ گەڕانەوەیان بۆ ڕیزەكانی گەل یان بە لانی كەمەوە پاشەكشەكردن لەو ڕابردوویەی كە هەیانبووە، خۆش بكەن.

دەقی هۆشداریەكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران

بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموكراتیكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، سەرباری ئەوەی كە بە چەندین قۆناغی مێژوویی و هەستیاردا تێپەڕ بووە و كۆمەڵێك كەند و كۆسپی لە بەردەم بووە، ئێستاشی لە گەڵ بێت هەروا لە سەر پێیە و پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ كە لە ئەدەبیاتی سیاسی و لای بیروڕای گشتیی ناوخۆ و دەرەوە بە “ڕاسانی رۆژهەڵات” ناوبانگی دەركردووە.

لەم قۆناغە نوێیەی خەباتدا، كە هەڵگری پەیامی”گرێدانی خەباتی شار و شاخ”ە، یەكڕیزی، هاوخەباتی و یەكگرتوویی ڕیزەكانی گەل بە هەموو چین و توێژەكانەوە، پێویستییەكی مێژوویی و یەكلاكەرەوەیە. مێژووی خەبات و تێكۆشانی چەند دەیەی رابردووی نەتەوەكەمان و سروشت و ماهییەتی راستەقینەی دوژمنان و دەسەڵاتدارانی رێژیمەكانی پەهلەوی و كۆماری ئیسلامی ئەو ڕاستییەی سەلماندووە كە بۆ بەرپەرچدانەوە، سەركوت و شكست پێهێنانی بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموكراتیكی گەلەكەمان،هەموو هێز و توانای خۆیان بە كار هێناوە.

دوژمنانی گەل و بزووتنەوەكەمان، بۆ بەچۆكداهێنان و ڕووخاندنی ئیرادە و هەستی شۆڕشگێڕیی تێكۆشەران و دواجار لەناوبردنی بزووتنەوەكە هەموو ڕێگایەكی گرتووەتە بەر. دوژمن بە رێگای رەشەكوژی، ئێعدام، زیندان، تێرۆر، سیاسەتی تۆقاندن و چاوترسێن كردن، تەماح وەبەرنان و بە دەیان و سەدان فێڵ و پیلانی دیكە هەوڵی داوە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستان تووشی شكست و داڕمان بكات. مخابن، لەم نیوانەدا دیاردەیەك كە دوژمن چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستاشدا پەنای بۆ بردووە، سیاسەت و دیاردەی چەكداركردنی تاكەكانی كۆمەڵگای كوردستان بووە.

مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمان ئەو راستیەمان وە بیر دێنێتەوە كە دیاردەی چەكداركردنی تاكەكانی كورد لە لایەن دوژمنانەوە، یان چوونەپاڵ ئەم سیاسەتە بە هەر مەبەستێك بووبێت، زەبر و زیانێكی قورسی لە پەیكەری بزووتنەوەكەمان داوە و دواجار ڕیزەكانی گەلی كوردی بەرەو پەرتەوازەیی و دوو دەستەیی بردووە. بە ڕواڵەت، دوژمنان ئەم چەكدارانەیان پۆشتە و تێر و تەیار كردووە و بە گژ شۆڕشگێڕان و تێكۆشەرانی حیزب و گەلیاندا كردوونەتەوە، بەڵام ناخی ئەم دیاردەیە، ڕاستییەكی تاڵمان وەبیر دێنێتەوە و لە چەند ڕووەوە جێی سەرنج و تێڕامانە.

یەكەم، ئەو كەسانەی كە چەكیان بۆ دوژمن هەڵگرتووە، لە دژی نەتەوەكەیان وەستاونەتەوە و ڕاستەوخۆ خزمەت بە دوژمن دەكەن.

ئەمەش تەنها یەك مانای هەیە، ئەویش ڕشتنی خوێنی كوردە بە دەست كورد و گومان لەوەدا نییە كە دەكەوێتە چوارچێوەی خیانەتەوە و لەم نێوانەشدا، براوەی سەرەكیی ئەم كارەساتە، دوژمنی بێبەزەیی و خوێنڕێژە.

دووەم، نانەوەی دووبەرەكی و ئاژاوە و چەند دەستەیی لە نێوان ڕیزەكانی گەلدا. دوژمن لەم ڕێگەیەوە، تۆوی بێ متمانەیی و تۆڵەكردنەوە لە نێوان تێكۆشەران و بەلاڕێداچوواندا دەچێنێ، دیسانەوە ئەگەر زیانێك هەبێت، لە پەیكەری بزووتنەوە و یەكڕیزیی گەلەكەمان دەكەوێ.

سێهەم،سیاسەتی چەكداركردن و پەیوەستبوون بەم ڕەوتە، كەرامەت و پێگەی كۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی ئەو كەسانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە كە بە بێ هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و تەنیا لە بەر ئیمكانات و هەندێك پلە و پۆست و شتی كاتی، ئامادەن خزمەت بە داگیركەران و دوژمنانی گەل بكەن. ئەمەش لە خۆیدا بووەتە هۆی دواكەوتن و خایاندنی ڕەوتی خەباتی مافخوازانە و سەرقاڵبوونی بە شەڕ و ململانێیەك كە دوژمن پیلانەكەی بۆ داڕشتووە.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كە ڕێبەر و ڕێكخەری بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموكراتیكی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، وەك حیزبێكی بەرپرسیار بەرامبەر بە بزووتنەوە و سەرجەم چین و توێژەكانی كوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی، بەردەوام لە بارەی مەترسی و هەڕەشەكانی دیاردەی چەكداركردن و چەكداربوون لە دژی خەباتی ڕەوا و مافخوازانەی گەلی كورد هۆشداریی داوە. لێرەوە ڕایدەگەیێنین ئەم قۆناغە نوێیە، زیاتر لە هەموو كات پێویستی بە یەكڕیزی، یەكدەنگی و هاوخەباتیی سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان هەیە. بە تایبەتی كە مەبەستمان لێرەدا، چەكدارە هەڵخەڵەتاوەكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی لە كوردستاندایە و دەبێ لە گرنگیی ئەم بابەتە تێبگەن.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێڕان، بە هەستكردن بە بەرپرسایەتیی مێژوویی خۆی بەرامبەر بە ئێستا و دواڕۆژی خەباتی شۆڕشگێڕانە و جەماوەری كە لە ژێر ناوی هاوخەباتیی “شار و شاخ”دا هاتووە، چەكدارانی كوردی سەر بە دەسەڵات ئاگادار دەكاتەوە لە گرنگی و هەستیاری ئەم قۆناغە نوێیەی خەبات تێبگەن و چەكەكانیان دابنێن و چیدی خزمەت بە دوژمن نەكەن.

حیزبی دێموكرات، لە ئەگەری بەردەوامی و خزمەتی ئەم چەكدارانە بە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیدا هۆشداری دەدات و داواكارە چەكدارەكانی سەر بە ڕێژیم، ئەگەر ناتوانن هاوكاریی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات بكەن، بە لانی كەمەوە دژایەتیی هێزی پێشـمەرگە و خەباتی ڕەوای ڕۆلەكانی گەل نەكەن. ئەوەی ڕوونە، ئەو چەكدارانەی كە خزمەت بە سیاسەتەكانی ڕێژیم دەكەن و لە هاوكاری و یارمەتیكردنی هێزی سەركوتكەری دەسەڵات بەردەوامن، لە گەڵ هەڵوێست و دژكردەوەی هێزی گەل ڕووبەڕووو دەبنەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانین جەخت بكەینەوە كە ئەركی سەرشانی سەرجەم چین و توێژ و تاكەكانی كۆمەڵگای كوردستانە بە ڕێنوێنی، هاندان و لۆمەی ئەم چەكدارانە، ڕێگا بۆ گەڕانەوەیان بۆ ڕیزەكانی گەل یان بە لانی كەمەوە پاشەكشەكردن لەو ڕابردوویەی كە هەیانبووە، خۆش بكەن.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمیسیۆنی تەشكیلات

٢٧ی فێوریەی ٢٠١٧ی زایینی
٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ هەتاوی

Back to top button