ڕاگه‌یندراوێك له‌ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر

 

ئه‌مشه‌و سێشەمە 2021.7.27، به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو سەرجەم ئەندامان، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبووە و پاڵپشت بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان و لە پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تى ته‌ندروستى گشتیى شاره‌كه‌مان و هەستیاری و مەترسیداری ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ى به‌هۆى هەڵکشان و تەشەنەسەندنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتۆته‌ ئاراوه‌ و ڕۆژ دوای ڕۆژ مەترسیەکانی بۆ سەرگیانی هاوڵاتییان له‌زیادبووندایه‌، گه‌یشته‌ ئه‌م بڕیارانه‌ى خواره‌وه:-

یه‌كه‌م/ دۆخەکە هەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهەڵکشان و تەشەنەسەندن دایە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بەڕەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر هاوڵاتییانی شارەکەمان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن، بەتایبەتی بەستنی (ماسك)، ئەوا لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی شاره‌كه‌مان، دەست بەجێبەجێکردنی بژاردەی دووەم دەکەین، بۆیە داوا لەهەموولایەک دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.

دووه‌م/ له‌ ئه‌گه‌رى هه‌ربارودۆخێكى سه‌خترى نه‌خوازراوى زياتربوونى ڕێژه‌ى تووشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ له‌شاره‌كه‌مان و دروستبوونى لۆد و پاڵه‌پستۆ و نه‌مانى شوێن له‌نه‌خۆشخانه‌كانى تايبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنى تووشبوان، ژوورى ئۆپه‌راسيۆنى پارێزگاى هه‌ولێر، به‌له‌به‌رچاووگرتنى هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان ‌به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى گشتىى ته‌ندروستى هه‌ولێرى ڕاسپارد بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ ئاماده‌كارى ته‌واوبكرێت له‌وانه‌ش دووباره‌ كردنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگارى و چه‌ند شوێنيكى ديكه‌ بۆوه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى تووشبوان، ئومێد ده‌كه‌ين هاوڵاتييان پابه‌ندى ڕێنمايى ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى بن و نه‌گه‌ين به‌م بارودۆخه‌.

سێيه‌م/ پێویسته‌ كارمه‌ندان له‌ شوێنه‌ ئایینی، بازرگانی، مۆڵ، چێشتخانه‌ و كافتریاكان، ڤاكسین وه‌ربگرن یان تێستی 72 كاتژمێریان پێ بێت و لێژنه‌كانیش به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ن، هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت شوێنه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ دادخرێت.

چواره‌م/ پێویسته‌ هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌كانى سنوورى پارێزگاكه‌مان ڤاكسین وه‌ربگرن و به‌ ماسكه‌وه‌ ده‌وام بكه‌ن.

پێنجه‌م/ رێگه‌نادرێت به‌ هیچ گه‌شتیارێك بێته‌ ناو هه‌ولێرى پایته‌خت ئه‌گه‌ر ڤاكسینی وه‌رنه‌گرتبێت، یان تێستی 48 كاتژمێری نه‌بێت.

شه‌شه‌م/ هه‌ر كۆمپانیایه‌كی گه‌شتیاری تێستی ساخته‌ی پێ بێت، ئه‌وا كۆمپانیاكه‌ ده‌كه‌وێته‌ لیستی ڕه‌ش و ڕێگه‌ی پێنادرێت بێته‌ ناو شارى هه‌ولێرى پایته‌خت.

حه‌وته‌م/ سه‌پاندنی به‌ستنی ماسك له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكومى و شوێنه‌ گشتی و گه‌شتیارییه‌كان بۆ ئه‌وانه‌ش ده‌بێت، كه‌ ڤاكسینیان وه‌رگرتووه.

هه‌شته‌م/ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موو كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و كۆنفرانسێك و چوونه‌ سه‌ر قه‌بران، هه‌ر لایه‌نێك پابه‌ند نه‌بێت به‌‌پێی یاسا و پێبژاردن سزا ده‌درێت، به‌ گوێره‌ی دوایین راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.

نۆيه‌م/ مه‌له‌وانگه‌ و شوێنه‌ وه‌رزشییه‌كان كراوه‌ ده‌بن، به‌ مه‌رجی جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان.

ده‌يه‌م/ هۆڵه‌كانى سینه‌ما له‌گشت شوێن و مۆڵه‌كان به‌ داخراوی ده‌مێننه‌وه. ‌

يازده‌يه‌م/ داخستنى هۆڵه‌كانى بۆنه و ئاهه‌نگێڕان، له‌ ناو هۆتێل و ده‌ره‌وه‌ى هوتێله‌كان.
دوازده‌يه‌م/ پرسەدانان لە (کۆڵان – هۆڵ – ماڵ – ژێرخێوەت – باخچە و هەرشوێنێکی تر) قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت.

سێزده‌يه‌م/ شوێنه‌ ئایینییه‌كان به‌ جێبه‌جێردنی رێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌وه‌ كراوه‌ ده‌بن، هه‌ر شوێنێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت و داده‌خرێت.

چوارده‌يه‌م/ سه‌رجه‌م قائیمقامیه‌ته‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت ئه‌و رێكارانه‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتیشیان پێده‌درێت له‌ هه‌ر شوێنێك رێكاره‌كان توندتر بكه‌ن.

پازده‌يه‌م/ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر، داوا له‌ میدیاكان ده‌كات به‌شداربن له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتییان.

شازده‌يه‌م/ ئه‌م رێكارانه‌ له‌كاتژمێر 12ى ئه‌مشه‌و 27 له‌سه‌ر 28ى 7ی 2021 بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت، تاوه‌كو كۆبوونه‌وه‌ى لێژنه‌ی باڵاى كۆرۆنا له‌هه‌رێمى كوردستان له‌ رۆژی 3/ 8/2021.

ژوورى ئۆپه‌راسيۆنى پارێزگاى هه‌ولێر
2021.7.27

Back to top button