یەحیا رەسوڵ: هێشتا عێراق پێویستی بە هێزەکانی هاوپەیمانانە
گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دووپاتیدەکاتەوە، مەترسی تیرۆر ماوە و پێویستییان بە هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق، یەحیا رەسوڵ گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند “هێشتا مەترسی تیرۆر ماوە و پێویستمان بە هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە”.
گوتیشی “عێراق خوازیاری هەماهەنگییە لەگەڵ هاوپەیمانان، دەیەوێت پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی عێراق بکەن، لە بواری راهێنان و پێدانی چەک و زانیاری هەواڵگریی”.
ئەوە لەکاتێکدایە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مستەفا کازمی رۆژی 26/7/2021، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند “رۆڵی خۆمان لە عێراق دەگۆڕین، بەڵام هەماهەنگییەکانمان بەردەوام دەبن”.
بایدن، راشیگەیاندووە، لە کۆتایی ئەمساڵ ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق کۆتایی پێدێت و پەیوەندییەکانی ئەمهریکا لەگەڵ عێراق بۆ لەمەودوا دەچنە قۆناغێکی نوێ.
س: k24