وەزیری ناوخۆ : هۆشداری دەدا، ئەگەر خەڵك پێگیر نەبێت بە رێنوێنییەكان، ناچارین هەموو رێكارێك بگرینەبەر.
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات و ڕای دەگەیەنێت، پێویستە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك بەردەوام دەمامك ببەستن بۆ ئەوەی هەموو پارێزراو بین.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە شارۆكەی ئاكرێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ڕێكارەكانی خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانە و حكوومەتیش بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، هیچ درێغییەك ناكات.
وەزیری ناوخۆ گوتی، پێویستە هاووڵاتییان لە شوێنە گشتییەكان دەمامك ببەستن، چونكە ئێمە ئەو بڕیارانەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو دەرمان كردووە، بۆ ئەوەبوو كە هاووڵاتییان لە كارەكانیان نەوەستن و تەندروستییەكی باش هەبێت، بۆیە داواكارین هاووڵاتییان هاوكارمان بن لە پاراستنی تەندروستی خۆیان و هەر ڕێكارێكیش گیرابێتەبەر، بۆ پاراستنی تەندروستی هەموومانە.
باسی لەوەش كرد، داواكارین ئەو چەند هەفتەیە دەمامك بەكار بهێنن بە بەردەوامی تا ئەو شەپۆلە تێپەڕێنین، كەسمان ئازار نەكێشین بە تووشبوونی ئازیزانمان.
وەزیری ناوخۆی ئاشكرای كرد، ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی بەرزیی ژمارەی تووشبووانە، ئەگەر خەڵك پێگیر نەبێت بە رێنوێنییەكان، ناچارین هەموو رێكارێك بگرینەبەر.