د. ئامانج ره‌حيم : به‌غدا دڵنیایی پێداين لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی پێداون لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌، ئامانج رەحیم،سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامى ناردنی 200 ملیار دینارەکە لە بەغداوە رايگه‌ياند:”  ئەو بابەتە جێگەی بایەخ و گرنگی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، چونکە خەڵک دڵی خۆشە، لە هەمان کاتدا تا راددەیەکیش نیگەرانە یاخود دوودڵە لەوەی ئایا تەنیا بۆ ئەو مانگەیە یان بەردەوام دەبێت؟ لە راستیدا خۆم زۆر مەبەستم بوو لە واشنتن بەڕێز مستەفا کازمی ببینین، بەڕێز عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق و وەزیری نەوت لێرەن. بە خۆشحاڵییەوە دوێنێ کۆبوونەوەیەکی تایبەت کرا، کە بەندە و بەڕێز کاک فەوزی هەریری ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بووین، کە راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێز مستەفا کازمی قسەمان کرد، ئێمە باسمان لەوەکرد کە هەرێمی کوردستان پشتیوانی حکومەتەکەی بەڕێز مستەفا کازمییە، رۆژی چوارشەممە لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی و پێشوازی خۆی بۆ دەرئەنجامی دیالۆگی ستراتیژی خستەڕوو، دەستخۆشیشی لە بەڕێز مستەفا کازمی و شاندی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. بۆیە وەکو هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوامانکرد ئەو 200 ملیار دینارەی ئەم مانگە هاتووە، مانگەکانی داهاتووش بەردەوامبێت. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بەڕێز مستەفا کازمی جەختیکردەوە کە حکومەتی عێراقی لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2021، نکۆڵی لەوە ناکەن کە ئامادەن بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دابین بکەن.
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كه‌ بۆ رووداو قسه‌ى كردووه‌ راشيگه‌ياند :” ئەگەر بێت و ئەو 200 ملیارە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە مانگانە دابین بکرێت، بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی خۆی جێبەجێ دەکات، بە زیادبوونی ئەو داهاتە جارێکی دیکە نەگەڕێینەوە سەر بابەتی لێبڕینی مووچە، چونکە بەڕاستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە یاسا چەسپاوە، ئەوەی کە من گوێم لێبوو لە بەڕێز عەلی عەلاوی و بەڕێز مستەفا کازمیش، هیچیان نکۆڵیان لەوە نەکرد کە حکومەتی فیدراڵی بەردەوامبێت لەسەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. لە هەمان کاتیشدا بەو پێیەی خۆم بەشدار بووم لە هەموو گەڕەکانی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوو 22 جار سەردانی بەغدامان کرد.
د. ئامانج ره‌حيم گوتيشى :” بۆ بەڕێزیانم شیکردەوە کەوا یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2021 پابەندییەکانی ئێمەی دەستنیشان کردووە، ئەو سێ پابەندییەی بۆ ئێمە دەستنیشانکراوە، ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی، ئێستا لیژنە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە وەزارەتەکانی ئێمەن بۆ مەسەلەی وردبینیکردنی داهاتە نانەوتییەکان و میلاکی وەزیفی، هەرێمی کوردستان شەفافانە هیچ لارییەکی نەبووە بۆ ئەوەی هەموو داتاکانی خۆی بخاتە بەردەست دیوانی چاودێریی دارایی. ئەوەی پەیوەندیداریشە بە نەوتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە کە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بداتە وەزاره‌تی دارایی عێراقی فیدراڵ لە چوارچێوەی یاسای بودجە، ئێمە گوتمان لە بەرامبەر هەموو پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان شایستەی خۆمانە کە مانگانە 200 ملیار دینارمان بۆ خەرج بکرێت تاوەکو چیتر نەگەڕێینەوە سەر سیستەمی ناچاریی کەمکردنەوەی مووچەی چەسپێندراوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
ئامانج رەحیم باسى له‌وه‌شكردووه‌ه‌ كه‌، ئەو 200 ملیارەی کە خەرجکراوە پێش هاتنی بەڕێز مستەفا کازمی بۆ واشنتن، ناوی لێنراوە پێشینە، ئێمە لێرە جەختمان کردەوە کە ئەمە مافێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بەرامبەر جێبەجێکردنی پابەندییەکان، ئەوەی کە ئێمە دڵنیاییمان پێدرا بەڕێز مستەفا کازمی دڵنیای کردینەوە کە حکومەتی فیدراڵی بەردەوام دەبێت لەسەر خەرجیکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2021، لە بەرامبەریشدا ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان تەئکیدمان کردەوە کە ئێمەش پابەندییەکانی خۆمان لە چوارچێوەی ئەو یاسایە جێبەجێ دەکەین.
 
ئامانج رەحیم له‌وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى ئەگەر بەغدا 200 ملیار دینارەکە نەنێرێت، جارێکی دیکە پەنا بۆ لێبڕینی مووچە دەبردرێتەوە؟ گوتى: ئەوە دەمێنێتەوە سەر وەزارەتی دارایی و کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام پێویستە گەشبین بین بەوەی حکومەتی عێراقی بەردەوام دەبێت لەسەر ناردنی ئەو 200 ملیار دینارە، چونکە پێموایە هەرێمی کوردستان هیچ بەهانەیەکی بۆ حکومەتی فیدراڵی نەهێشتووەتەوە، کە وای لێبکات یاسای بودجەی ساڵی 2021، جێبەجێ نەکرێت، لە کۆتاییشدا هەرێمی کوردستان بێبەشبێت لە بەشە بودجەی خۆی.”
Back to top button