له‌باره‌ی خۆسوتاندنی تاوانبارێك ئاسایش روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

خواكوڕك

دوای ئه‌وه‌ی له‌ میدیاكانه‌وه‌ ده‌نگۆی سوتانی تاوانبارێكی ماده‌ی هۆشبه‌ر بڵاوكرایه‌وه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتى ئاسایش رایده‌گه‌ینێت، “لە کاتێکدا تۆمەتباری دەستگیرکراو گەیەندرابووە بنکەکە و ئامادەکارى دەکرا بۆ ئەوەى لیکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵدا بکرێت، تۆمەتبار بە سوودوەرگرتن لەو سۆپا نەوتییەی لە ژوورەکەدابووە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا”.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌ هاتووه‌، ” تاوانبار بەکارهێنەر و فرۆشیارى ماددە هۆشبەرەکان بووە و لە 28/4/2013 بە پێى مادە (14) لە یاسای مادە هۆشبەرەکان، بە بڕیارى دادگاى تاوانەکانى دهۆک، بە ساڵێک بەندکردن سزادرا بوو، لەبەر ئەم هۆیەش لە ریزەکانى هێزى پێشمەرگە دوورخرابووەوە”.

 

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

روونکردنەوەیەک لە بەرێوەبەرایەتى گشتى ئاسایش

 سەبارەت  بە روداوى خۆسوتاندن و گیان لە دەستدانى (علی حسین جاسم) رای گشتى  و کەناڵەکانى راگەیاندن لەم ڕاستییانە ئاگادار دەکەینەوە:

 هاوڵاتى (علی حسین جاسم) لە دایکبووى ساڵى (1984) و دانیشتووى کۆمەڵگاى تەناهى سەر بە قەزای سێمێل بووە لە دهۆک، بەکارهێنەر و فرۆشیارى ماددە هۆشبەرەکان بووە و لە 28/4/2013 بە پێى مادە (14) لە یاسای مادە هۆشبەرەکان، بە بڕیارى دادگاى تاوانەکانى دهۆک، بە ساڵێک بەندکردن سزادرا بوو، لەبەر ئەم هۆیەش لە ریزەکانى هێزى پێشمەرگە دوورخرابووەوە.

جارێکی دیکە لە رێکەوتى 14/2/2017 بە تۆمەتى بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە مادەى هۆشبەر و کارکردنی لە چوارچێوەی باندێکی شەش کەسیدا، بە پێى بڕیارى دادوەرى لێکۆڵینەوە، بە بڕێک مادەى هۆشبەرەوە دەستگیرکرا و رەوانەى بنکەى نەهێشتنى مادە هۆشبەرەکانى دهۆک کرا.

 لە کاتێکدا تۆمەتباری دەستگیرکراو گەیەندرابووە بنکەکە و ئامادەکارى دەکرا بۆ ئەوەى لیکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵدا بکرێت، تۆمەتبار بە سوودوەرگرتن لەو سۆپا نەوتییەی لە ژوورەکەدابووە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، دەستبەجێ کارمەندانى بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى دهۆک، ناوبراویان گەیاندە نەخۆشخانە و بنەماڵەکەشیان لەوبارەیەوە ئاگادار کردەوە، بەڵام دواى 11 رۆژ لە وەرگرتنی چارەسەری و چاودێری پزیشکی، لە نەخۆشخانەى تایبەت بە سوتان لە دهۆک گیانى لەدەستدا. بەپێى راپۆرتى پزیشکیش رێژەى سوتانەکەى 45% بووە.

 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش/ هه‌ولێر

٢٠١٧/٢/٢٧

Back to top button