په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵيادى ئه‌نفالكردنى بارزانييه‌كان: داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات

له‌ پەیامێكدا ده‌سته‌ى سەرۆکایه‌تیی پەرلەمانى كوردستان، لە یادی سى و هه‌شت ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات، بە قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی رەشبگیری و ئەنفالکردن و کیمیابارانکردنی کوردستان،”

هه‌ر له‌ په‌يامه‌كه‌يدا كه‌ ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 31-7-2021 بڵايكردۆته‌وه‌،سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان ، داواش لە پەرلەمانی هەموو وڵاتانی جیهان دەکات ئەو تاوانکارییە بە جینۆساید بناسێنن و لە پشتیوانیکردنی گەلی کوردستان و گەلە ستەملێکراوەکان بەردەوام بن. 

دەقی پەیامه‌كه‌ی سەرۆکایه‌تیی پەرلەمان بۆ ساڵیادی ئەنفالکردنی بارزانییەکان: .

لە یادی (٣٨) سى و هه‌شت ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە ئۆردوگا زۆرەملێکانی قوشتەپە، هەریر، سۆران، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکیان دادەنەوێنین و یاد و یادەوەرییان هه‌میشه‌ بە بەرزی دەکەینەوە.

ئەنفالی بارزانییەکان سەرەتای زنجیرەیەک تاوانی یه‌ك له‌ دوای یه‌كی ڕژێمی بەعس بوو لە دژی خەڵک و خاکی کوردستان، بەعسییە فاشیستەکان لە دوای ئەنفالکردنی بارزانییەکان، هەڵه‌بجە-یان شەهید کرد و ناوچەکانی دیکه‌ی کوردستانیان ئەنفال کرد، ئەو هەموو تاوانەشیان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بوو، هاوشێوەی هەموو تاوانکارە جیهانییەکان نەیانتوانی ناسنامەی خەڵك و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بگۆڕن و خەڵكی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان کۆڵیان نەدا.

لەو یادەدا داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات، ئەویش بە قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی رەشبگیری و ئەنفالکردن و کیمیابارانکردنی کوردستان، داواش لە پەرلەمانی هەموو وڵاتانی جیهان دەکەین ئەو تاوانکارییە بە جینۆساید بناسێنن و لە پشتیوانیکردنی گەلی کوردستان و گەلە ستەملێکراوەکان بەردەوەام بن.

لە پەرلەمانی کوردستانیش ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ دەرکردنی یاسا و پاراستنی مافی قوربانییان درێغی ناکەین.

جارێکی دیکە سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی بەرزەفڕی ئەنفالکراوان و سەرجەم قوربانییان داده‌نوێنین.

 

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان

٢٠٢١/٧/٣١

Back to top button