لە هەرێمی کوردستان بانکی نیشتمان دادەمەزرێت
لە هەرێمی کوردستان بانکێکی نوێی حکومی بەناوی بەنکی نیشتمان دادەمەزرێت، ئێستا لە قۆناغی وەرگرتنی مۆڵەتە. بانکەکە راستەوخۆ سەر بە بانکی ناوەندی عێراق دەبێت و بە سیستمێکی پێشکەوتوو کارەکانی دەکات. بە ئەلیکترۆنی کردنی سیستمی داراییە لە کوردستان لە سەرەتایی کارەکانی دەبێت و هەروەها هەر پێشینەیەک لە بانکی ناوەندییەوە بدرێت، ئەم بانکەش دەگرێتەوە.
هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی بانکێکی نوێ خراونەتە گەڕ کە ناوی بانکی نیشتمانە، کارەکانی ئەو بانکە نوێیە حکومییە و قۆناغێکی باشی بڕیوەو چاوەڕێ وەرگرتنی مۆڵەتن لە بانکی ناوەندی عێراق، بە کردنەوەی بانکەکە کاری هاووڵاتییان و بە تایبەت مووچەخۆران بە ئەلیکترۆنی دەکرێت. بەڕێوبەری بانکە بازرگانییەکان ئاماژە بەوەدەکات، کۆمپانیای نیشتیمان وەکو کۆمپانیا مامەڵەی پێوەدەکرێت و سەرمایەکەی دەگاتە 250 ملیار دینار.
مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان رايگەیاند: “دەومانەوێت بانکەکان بە سیستم بکەین، ئەوەش با دامەزراندنی بانکی نیشتمان کە لقێک دەبێت لە بانکی ناوەندی عێراقی، واتا رێپێدراو دەبێت لە بانکی ناوەندی. سەرمایەی بانکەکە 250 ملیار دینارە”.
روونیکردەوە: “ئەو لقەی بانکی ناوەندی عێراق کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، تەنها ئیشی حکومەتی عێراق دەکات، هیچ پەیوەندی بە هەرێمەوە نییە، بەڵام ئەوەی خۆمان دایدەمەزرێنین هەموو بانکەکانی هەرێم کە ژمارەیان 90 بانکە سەر بەو بانکە دەبن”.
بانکی نیشتیمان سەرجەم بانکە حکومی و بازرگانییەکانی کوردستان بە لقەکانەوە کۆدەکاتەوەو راستەوخۆش سەربە بانکی ناوەندی عێراق دەبێت، بەگوێرەی سیستەمی کارکردن، هەر شایستەیەکی دارایی لە بەغداوە بڕیاری لێبدرێ، بانکی نیشتیمان دەگرێتەوە. بەجۆرێک بانکەکە دەتوانێت پێشینەکانی خانووبەرەو کشتوکاڵ و پیشەسازی و فەرمانبەران بدات، لە هەمانکاتدا دەتوانێت دۆلار بۆ بازاڕەکانی دراوی کوردستان دابین بکات.
د. سەڵاحەدین ئەحمەد، شارەزای ئابووری و دارایی دەڵێ: “ئەم بانکە گرنگی زۆری هەیە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەروەها هاندەرێکە بۆ ئەوەی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان هاوچەرخ بێت و باوەڕپێکراوبێت، هاوکات کردنەوەی ئەو بانکە برەو بە بازرگانی دەدات لە هەرێمی کوردستان”.
س: K24