بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم: 5 ملیار دیناری گەنمی جوتیاران دابەش دەکرێت

5 ملیار دینار، بۆ گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، لە بەغداوە رەوانەی هەولێر کراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان به‌ كوردستان 24ى راگه‌یاند: قۆناغی یەکەمی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم لە بەغداوە گەیشتووە، کە بڕی 5 ملیار دینارە، 2 ملیار و نیو بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی و یەک ملیار و نیو بۆ هەولێر و یەک ملیاریش بۆ جوتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک، لە چەند رۆژی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ده‌شڵێت: ساڵانی رابردوو هاتنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دوا دەکەوت، بەڵام ئەمساڵ زوو هاتووە.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی راشیده‌گه‌ێنێت: تەواوی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2020 دابەشکراوە، هی 2014 و 2015 و 2016، بڕی 268 ملیار دیناری هاتوو دابەشکراوە، زیاتر لە 307 ملیار دینار ماوە، رێکارەکان بەردەوامە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕەش، وەزارەتی بازرگانی هەردوولا لەسەر خەتین، بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی لای بەغدا ماوە وەربگیرێت و بەسەر جوتیاران دابەشی بکەین.

Back to top button