باندێک لەسەر هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بە دۆلاری لیبی و لێسه‌ندنى پاره‌ به‌زه‌برى چه‌ك له‌لايه‌ن پۆليسى هه‌ولێر ده‌ستگيركرا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی باندێک رادەگەیێنێت، کە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵکیان هەڵخەڵەتاندووە و بانگەشەی فۆرشتنی دۆلاری لیبیان بە نرخی هەرزانتر کردووە و پاشان بە زەبری چەک پارەکەیان لە کڕیارەکان وەرگرتووە، پۆلیسی هەولێر دەڵێت، ئەمە چوارەمین باندە لەسەر هەڵخەڵەتاندنی خەڵک لە هەولێر دەستگیر دەکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 02-08-2021 هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بۆ کەناڵەکانی راگەیاند دواو گوتی: “دوای ئەوەی چەند سکاڵایەک لەلایەن هاونیشتمانیانی شاری هەولێرەوە لەسەر چەند باندێک تۆمارکرا، کە کاریان لێسەندنی پارە بووە بە شێوازی رێگری. هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەدواداچوونێکی چڕی بۆ چاودێریکردنی ئەو کەسانە دەستپێکرد کە بە ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ هەڵدەستان بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە، دوای مانگێک توانرا باندەکە دەستگیر بکرێن”.
بە گوتەی هۆگر عەزیز، باندەکە لە 3 کەس پێکهاتوون، کاریان خستنەڕووی دۆلاری لیبی بووە لە بەرامبەر بڕێک پارە لەڕێگەی پەیج و ئەکاونتەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، “کڕیارەکانیان بانگهێشتی شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری کردووە، کاتێک چوونەتە لای ئەو باندە، ئەوانیش بە هێزی چەک پارەکانیان لێسەندوون”.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، ئەو باندە چەند جارێک ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە، “تاوەکو ئێستا دانیان بە 4 تاوان داناوە. کارێکی دیکەی ئەو باندە خستنەڕووی ئۆتۆمبێل بووە بە هەمان شێوەیە لە پەیجەکان بە کەمتر لە نرخی خۆی، کاتێکیش کڕیارەکە دەچوو ئۆتۆمبێلەکە بکڕێت، دەیانبردە شوێنێک و بە زەبری چەک پارەکەیان لێ دەسەند و لەویش کەسەکەیان جێدەهێشت، تاوەکو ئێستاش دانیان ناوە بەوەی 30 هەزار دۆلاری ئەمریکیان لە خەڵک سەندووە لەگەڵ دوو ئۆتۆمبێل.”
س:رووداو
Back to top button