ئامینە زکری: ریفراندۆم پرسێکە بەردەوام دەبێت
ئامینە زکری ،بەرپرسی بەشی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم لە بارەگای بارزانی ڕای گەیاند :” ساڵی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بە ڕێکەوتنی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەنجام درا و تەنانەت ئەوانەی بۆ ماوەیەکی زۆر دژایەتیی ڕیفراندۆمیشیان دەکرد، لەو ڕۆژەدا دەنگیان دا و پرسی ریفراندۆمیش بەردەوامە.
ئامينه زكرى، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا گەلی کورد بڕیاری خۆی دا وە و هیچ کەس و لایەن و وڵاتێك ناتوانێت ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە بگۆڕن، بەڵکو تەنها گەلی کوردە دەتوانێت لە ڕێفراندۆمێکی ترەوە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی پێشتر پوچەڵ بکەنەوە.
هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەندێك لە هاوپەیمانانی کورد لەسەر ڕیفراندۆم، ئامینە زیکری ئاماژەی بەوە داوە کەوا سەرۆك مەسعود بارزانی بە بەردەوامی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کەوا نابێت چاوەڕێی ئەوە بن وڵاتانی جیهان سەربەخۆییمان بە دیاری پێشکەش بکەن، بەڵکو دەبێت خۆمان یەكدەنگ و یەکهەڵوێست بین و خەبات بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکەین.
بەرپرسی بەشی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم لە بارەگای بارزانی تیشکیشی خستە سەر ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە یەکنزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوا و واژۆکردنی ڕێککەوتنەکانی هەولێری یەك و دوو و ڕێککەوتنی دهۆك لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی ئەو واقیعەی کە لە ڕۆژئاوا دروست بووبوو ببێتە بنەمایەکی باش بۆ دەسکەوتی مەزنتر لە داهاتوودا و مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا وەدەستبێن.
لە لایەکی تریشەوە باسی لە بڕیاری سەرۆك بارزانی بە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان كردووە، کاتێك زۆربەی هەرە زۆری کۆبانێ کەوتبووە دەست تیرۆریستانی داعش بۆ ئەوەی شکست بەو گرووپە بێنن و کۆبانێ ڕزگار بکەن.
هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی دا بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆکردنەوەی لایەنە کوردیەکان لە باکور بۆ ئەوەی لە ڕێگای وتوێژەوە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا مافەکانی گەلی کورد زامن بکەن.
ئامینە زکری زیاتر باسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكات و دەڵێ “سەرۆك بارزانی لە تەواوی دیدارەکانیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان داوای ئەوەی لێیان کردووە کە یەكدەنگ و یەکهەڵوێست بن لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، هەروەها هەموو جیاوازییەکانیان وەلاوە بنێن بۆ ئەوەی سوود لەو هەلە مێژووییە وەربگرین و سەربەخۆیی بۆ کوردستان وەدەست بێنین. ئەگەر ئێمە هەموومان بەیەکەوە بین و یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین، ئەوا دەتوانین پشتگیریی نێودەوڵەتیش بۆ سەربەخۆیی کوردستان زامن بکەین”.
ئەوەشی گوتووە كە لە ساڵی 2014 سەرۆك بارزانی داوای لە پەرلەمانی کوردستان کرد، کە یاسای کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و گشتپرسی تێبپەڕێنن و ڕۆژێك دەستنیشان بکەن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی. ئاماژەی بەوەش دا کەوا لە ساڵی 2015 بۆ یەکەمین جار بوو کەوا پرسی سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن سەرۆك بارزانییەوە لەگەڵ سەرکردەی ووڵاتانی جیهان و سەرۆك وەزیرانی عیراق باس بکرێت کاتێك لە کۆنگرەی مینشنی ئاسایش لەو ساڵە لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، سەرۆك بارزانی بە ڕاشکاوانە بە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەوکاتی عیراقی ووت کەوا “پێویستە بە تەوافوق و وتوێژەوە بابەتی سەربەخۆیی کوردستان یەکلا بکەینەوە و دەکرێت دوو دراوسێی باش بین لەگەڵ یەکتریدا.
ئامینە زکری ئەم وتانەی لە میانی وێبنارێكدا پێشكەش كردووە كە لەژێر ناونیشانی (هەوڵەکانی سەرۆك بارزانی بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان لە ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا) بۆ ژمارەیەکی بەرچاوی کادیرانی پارتی لە دەرەوە و ناوەوەی كوردستانی خوێندووەتەوە.
س: kdp.info