شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بافڵ تاڵەبانی ژەهرخوارد كراوە و نەدەبوایە كەسێك ئەمە بەرامبەر ئامۆزاكەی بكات

ئەندامێكی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای دەكات، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی بڕیاربەدەستی یەكێتی، لە لایەن لاهوور جەنگییەوە ژەهرخوارد كراوە و ئەمەش بە كارێكی ”نابەجێ“ وەسف دەكات.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی كوردیی (دەنگی ئەمریكا)، لەبارەی ئەو پرسیارەی كە ئاخۆ ئەوەی لە نێوخۆی یەكێتی ڕوودەدات، ڕۆڵی توركیا و ئێران یان پارتی تیدایە؟ رایگەیاندووە: ”ئەمە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیـیە و بە هیچ شێوەیەک ڕاستی تێدا نیـیە، درۆیەکی شاخدارە، ئەوە کێشەیەکی حزبییە، من هەرگیز لەو بڕوایەدا نیم کە ئەو وڵاتانە، هەر یەکێک لەو وڵاتانە کێشەیەکی زۆر زۆری ناوخۆی خۆیان هەیە، کێشەی وڵاتەکانی خۆیان هەیە، ئایا ئەوان هیچ ئیش و کاریان نیـیە دابنیشن دەسیسە دابنێن و داوا لە یەکێتی بکەن بەرپرسی کەرتێک یان بەرپرسی کۆمیتەیەک یان بەرپرسی دائیرەیەکمان لاببرێت؟ من نازانم بۆ ئەو خەڵکە ئەم گۆڕانکارییەی خستووەتە بابەتێکی ئیقلیمی و دەولی و ئەم شتانەوە، من دووبارەی دەکەمەوە ئەسڵ و ئەساسی نیـیە و درۆیەکی زۆر گەورەیە.

هاوكات ڕاشكاوانە باسی بابەتی ژەهرخواردكردنی بافڵ تاڵەبانی كردووە و رایگەیاندووە، هەندێك لەو تۆمەتانەی ئاراستەی لاهوور جەنگی كراونو پێویستییان بە کۆکردنەوەی بەڵگەی زۆر هەیە، هەندێکیشی من دەتوانم بڵێم بەڵێ بەڵگە هەیە، بەڵێ بەڵگەکان هەمووی ئامادەن، هەندێک لەو بەڵگانە و ئەو هەڵوێستانەی کە دەبێت بەرامبەر بەو تۆمەتە وەکوو کە خۆتان دەڵێن ئەو تۆماتانەی خەڵک باسی دەکات، ئەوە دەبێت لە ڕووی یاساییەوە ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.

هەروەها جەختیشی كردۆتەوە: مەسەلەی ژەهرخواردنی بافڵ تاڵەبانی من ناتوانم ئینکاری ئەوە بکەم کە ئەو کارە نەکراوە، بەڵێ کراوە، ئەوەش کارێکی زۆر زۆر ناشرین بوو، نەدەبوایە هەرگیز هیچ کەسێک لەم سەدەیەدا لە ساڵی ٢٠٢١ پەنا بەرێتە بەر ئەو شێوازی لەناوبردنی ڕکابەرەکەی یان براکەی یان ئامۆزاکەی یان هاوسەرۆکەکەی خۆی، ئەوە کارێکی زۆر زۆر نابەجێ بوو.

ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە ئەگەر هەیە یەكێتی ئەو بەڵگانە بڵاو بكاتەوە.

Back to top button