به‌رپرسێكى يه‌كێتى ناوی ئەو پەرلەمانتار و توێژەرانە ئاشکرا دەکا کە بەھۆی گۆڕانکارییەکانی یەکێتی پارەکانیان دەبڕدرێت

بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای دەکات، ژمارەیەک لەو پەرلەمانتارانەی کە ئێستا ”ھاوار و فیغانیانە“، پەرۆشی خەڵکی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نین، بەڵکوو ”لە خەمی بڕینی ئەو پارەیەن کە بە ناشەرعی پێیان دراوە“.

لە دوای ڕووداوەکانی ٨ی تەممووزی سلێمانی و ئەو بارودۆخەی کە لە نێوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھاتۆتە ئاراوە، ژمارەیەک ئەندامی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە شێوەی جۆراوجۆر نووسین و ھەڵوێست بڵاو دەکەنەوە کە بە ڕوونی پەرۆشییان بۆ ئاراستەیەکی رووداوەکان پێوە دیارە.

لەمبارەیەوە رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر رايگەیاند،” ژمارەیەک پەرلەمانتار ھەن کە پێکھاتوون لە پەرلەمانتاران (ھۆشیار عەبدوڵا، غالب محەمەد، ئەحمەدی حاجی رەشید، سەرکەوت شەمسەدین و رێبوار کەریم)، ھەروەھا کەسێکیش کە خۆی وەک توێژەر دەناسێنێت بە ناوی مەسعود عەبدولخالق.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ”ھاوار و فیغانی ئەوانە بۆ پەرۆشیی خەڵکی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نییە، بەڵکوو بۆ بڕینی تەمویلە ناشەرعییەکەیانە کە ئێستا لە ڕێڕەوی نوێی کارکردنی یەکێتیدا پیادە دەکرێ و کارە نایاسایی و ناشەرعییەکان بنبڕ دەکرێن“.

ھەر ڕێباز بێرکۆتی نییە کە پێیوایە ئەو جۆرە کەسانە لە لایەن تاقمێکی یەکێتییەوە پارەیان پێدراوە، بەڵکوو ڕۆژی شەممە ٣١ی تەمووزی ٢٠٢١، حاکم حەمدی مەجید، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان رايگەیاند، گرووپێک لە پەرلەمانتارەکانی بەغدا، ”ئەوانەی خەڵک باش دەیانناسن“، دەرکەوت لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریی و ئاڵوگۆڕییانەی بەسەر گرووپێکی یەکێتیدا ھات، ”ئەمانیش بێ پشتوپەنا مانەوە و ناچارن ھەر رۆژە ‌و پەلاماری کەسێک یان لایەنێک بدەن، ئەوەش لەپێناوی شاردنەوەی ئەوەیە کە رووی داوە“.

بە بڕوای سەرکردەکەی گۆڕان، “ئەم گرووپە سومعەی کوردیان لە بەغدا لەکەدار کردووە”. جگە لەوەی ئەو کارەی کردوویانە “زۆر مەترسیدار بووە، لە ژێرەوە سەفتە دۆلاریان وەرگرتووە و لەسەرەوە بوونەتە نوێنەری خەڵک“.

پێش ڕووداوەکانی ٨ی تەممووزیش، ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی عێراق کە لە زۆربەی بابەتەکاندا ھاوھەڵوێستی ئەو تاقمەی نێو یەکێتی بوون کە لە ڕووداوەکانی ٨ی تەمووزدا زەرەرمەند بوون، بۆیە چەندانجار ڕەخنەی ئەوەیان لێگیراوە کە سیاسەتێکی دووفاقی پەیڕەو دەکەن و کار لەسەر چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان دەکەن.

 

 

س:باسنيوز

Back to top button