نێچيرڤان بارزانى،سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئيبراهيم ڕه‌ئيسى كۆبووه‌وه‌

له‌ دووه‌م ڕۆژى سه‌ردانیدا بۆ تاران، به‌یانیى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 2021/8/6 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئیبراهیم ڕه‌ئیسى، سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامیى ئێران كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ خاتوو ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و شاندى یاوه‌رى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ بوون، په‌یوه‌ندییه‌‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عیراق له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران، دۆخى عیراق و هه‌رێمى كوردستان و ئێران، ئارامى و سه‌قامگیرى و بواره‌كانى هاریكاریى هاوبه‌ش، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا ئاماژه‌یان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران كرد و جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وكردنى بواره‌كانى په‌یوندیى هه‌رێمى كوردستان و عیراق له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى كرده‌وه‌ به‌تایبه‌تى بره‌ودان به‌ بوارى ئاڵوگۆڕى بارزگانى و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى سنووره‌كان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى.

دوایین پێهشات و په‌ره‌‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

 

 

Back to top button