هێزە سیاسییەکانی عێراق جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ دەکەنەوە

 

 

 

بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، فایەق زێدان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، کۆبوونەوەی ھێزە سیاسییە نیشتمانییەکان سازکرا.

 

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان پوختەیەکی لەسەر ئامادەکارییە تەکنییەکانی وتواناکانی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە ١٠ی تشرین یەکەمی داھاتوو خستووەتەڕوو.

 

ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە گوتەیەکدا دووپاتیکردووەتەوە کە حکوومەت پابەندە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا و لە توانایدایە ژینگەیەکی لەبار بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکە بە سەرکەوتوویی دەستەبەر بکات.

 

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ھێزە سیاسییە نیشتمانییەکانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکە کۆکبوونە لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا لە ١٠ تشرینی یەکەمی داھاتوو و پابەندیش دەبن بەم وادەیە.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و ھێزە سیاسییەکان سەر لەنوێ بانگھێشتی ئەو ھێزە سیاسییانەیان کرد کە بڕیاری بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکانیان داوە کە لە بڕیارەکەیاندا پاشگەزببنەوە و بۆ ئەمەیش مستەفا کازمی پێشنیازی کردووە لیژنەیەک لە ھێزە سیاسییەکان پێکبھێنرێت بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو ھێزە سیاسییانەی کە بڕیاری بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکانیان داوە و رازیکردنیان بە پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکەیاندا لەپێناو یەکخستنی ھەوڵەکان لە قۆناغی داھاتوودا.

 

بڕیارە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەڕێوەبچێت، بەڵام بەشێک لە ھێزە سیاسییەکان لە سەروویانەوە رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و ھاوپەیمانی مینبەر بەسەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی و حزبی شیوعی عێراق کشانەوەی خۆیان لە بەشدارییکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا راگەیاندووە.

Back to top button