جەبار یاوەر: هیچ هێزێکی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان نەکشاوەتەوە
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ هێزێکی شەڕکەری لە هەرێمی کوردستان نییە، ئەوانەی لێرەن راوێژکار و مەشقکارن، دەشڵێت “نەمبیستووە هێزی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کشابنەوە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی ئابی 2021، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، رايگەیاند: “نەمانبیستووە لەچەند رۆژی رابردوودا هیچ هێزێکی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کشابێتەوە، رەنگە ئاڵوگۆڕ بەهێزەکانیان بکەن و ئەوەش ئاگادارنین، چونکە بۆ ئەو مەسەلەی ئاڵوگوڕکردنەکە پرس بە ئێمە ناکەن”.
فەریق جەبار یاوەر كه بۆ رووداو قسهى كردووه گوتووشيهتى: “بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لەکۆتایی ئەمساڵ دەکشێنەوە، بۆیە نەمانزانیوە هیچ هیزێکی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کشابێتەوە، هەر لەبنەڕەتدا ئەمریکییەکان هێزی شەڕکەریان لە هەرێمی کوردستان نییە و ئەوەی هەن راوێژکارن”.
ئەو قسانەی ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر، هات.
لە پرسێکی دیکەی پەیوەست بە نێوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، باسی پێکهێنانی ئەو دوو لیوا هاوبەشە کردووه کە بڕیارە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکبهێنرێت و رایگەیاندووه: “بڕیار لەسەر دامەزراندنی ئەو دوو لیوا هاوبەشە دراوە، لەسەر هەیکەل و میلاکاتەکەی رێککەوتن هەیە”.
سەبارەت بە شوێنی بڵاوەپێکردنی ئەو دوو لیوایە، فەریق جەبار یاوەر گوتووشيهتی: “لیوایەک لە ناوچەکانی قەزای خانەقین و دەوروبەری بڵاودەکرێنەوە تاوەکو ناوچەکانی کەرکووک، لیواکەی دیکەش لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک تاوەکو ناحیەی سحێلا بڵاودەکرێنەوە”.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها ئاشکرایکردووه بودجە و پڕچەککردنی ئەو دوو لیوایە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەبێت، گوتیشی: “هێزەکە راستەوخۆ پەیوەست و دەبەسترێتەوە بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و دوای رێککەوتنی کۆتایی و مەشق و راهێنان، لەو ناوچانە بڵاودەکرێنەوە”.