غەفوور مەخموورى بۆ راديۆى ئورده‌ن: سیاسەتى حەکیمانە سەرۆک مەسعود بارزانى وەک رێبەرى گەلى کوردستان وایکردووە کوردستان پارێزراو بێت و بەردەوام لە گەشەکردندا بێت

غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رادیۆى ئوردەن (الاذاعة الأردنية) باسى لە رەوشى کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و، وتى کوردستان لە نێو هاوکێشە سیاسییەکانى ناوچەکەدا توانیویەتى پارێزگارى لە پێگە و بوون و شوێنى خۆى بکات و بەرەو دواڕۆژێکى گەش هەنگاو دەنێت.

غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK له‌ بەرنامەى (اللقاء المفتوح)ى رادیۆى ئوردەن، لە گفتوگۆیەکى فراوان سەبارەت بە رەوشى کوردستان و عێراق و ناوچەکە تیشکى خستە سەر دوا گۆڕانکارى و پێشهاتە سیاسییەکان و، سەبارەت بە رەوشى سیاسى کوردستان وتى: کوردستان لە نێو هاوکێشە سیاسییەکانى ناوچەکەدا توانیویەتى پارێزگارى لە پێگەى و شوێنى خۆى بکات، سەرەڕاى ئەوەى کەوا لە چەندین لاوە کیشەو گرفتى بۆ دروستدەکرێت بەڵام بەردەوامە لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە، دەتوانین بڵێین سیاسەتى حەکیمانە سەرۆک مەسعود بارزانى وەک رێبەرى گەلى کوردستان وایکردووە کەوا کوردستان پارێزراو بێت و بەردەوام لە گەشەکردندا بێت، ”

 

سکرتێرى گشتیى YNDK ده‌شلێت: ” زۆر جار گەمارۆى دیبلۆماسى خراوەتە سەر کوردستان، بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشان و سیاسەتى حەکیمانەى سەرۆک مەسعود بارزانى ئەو گەمارۆ دبلۆماسییانەى سەر کوردستان تێکشێنراون و، کوردستان وەک وێستگەیەکى دیبلۆماسى گرنگ ماوەتەوەو وڵاتان بە بایەخەوە مامەڵەى لەگەڵدا دەکەن “.

مەخموورى سەبارەت بە پەیوەندییەکانى نێوان هەولێرو بەغدا بۆ رادیۆى ئوردەن گوتى : لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانى نێوان بەغدا و هەولێر هەندێ پێشڤەچوونیان بەخۆیانەوە بینیوەو شێوەیەک لە تێگەیشتن هەیە، لە مانگى رابردوودا حکومەتى عێراق ٢٠٠ میار دینارى بۆ حکومەتى کوردستان نارد، ئەمەش هاوکار بوو بۆ پڕکردنەوەى ئەو کورتهێنانەى کەوا لە بودجە مانگانەى حکومەتى کوردستان هەیە بە تایبەت لە بوارى پێدانى مووچەى فەرمانبەران، هەوڵەکانیش بەردەوامن کەوا پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا ئاساییبکرێنەوە، ئەمەش خواستى حکومەتى کوردستان بووەو لەم رووەوە هەموو ئیلتیزاماتێکى خۆى بەرامبەر حکومەتى فیدرالى عێراق بەجێهێناوە .”

لە درێژەى چاوپێکەوتنەکەدا مەخموورى، تیشکى خستە سەر هێرشەکانى ئەم دواییەى سەر فڕۆکەخانەى هەولێرو گوتى : ئەم هێرشانەى کرانە سەر فڕۆکەخانەى هەولێرى نێودەوڵەتى زیاتر بۆ ئەوە بوو کەوا ئارامى هەولێر بشێوێنن، بەڵام ئەم هێرشانە لەسەر ئاستى کوردستان و نێودەوڵەتى ئیدانەکران، هەموو لایەک ئەوە باش دەزانن کەوا هەولێر ئارامترین شارە لەسەر ئاستى کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا، ئەمەش وایکردووە کەوا ناحەزان چاویان بەو واقیعەى هەولێر هەڵنەیەت و هێرش بکەنە سەرى،

 

هەروەها درێژه‌ى به‌قسه‌كانى دا و گوتى: ” هێزەکانى ئاسایش و پۆلیش و پێشمەرگەى کوردستان لەماوەى رابردوودا و تا ئێستاش سەرکەوتووانە پارێزگارییان لە هێمنى و ئاسایشى کوردستان کردووە، ئەو ئارامییەى لە کوردستان هەیە وایکردووە کەوا پارێزگاکانى دیکەى عێراق خۆزگەى پێ بخوازن، وایکردووە هەولێر و کوردستان ببنە وارگەیەکى ئارام بۆ کوردستانییان و تەواوى عێراقییەکان”.

لە درێژەى چاوپێکەوتنەکەدا مەخموورى سەبارەت بە پەیوەندییەکانى نێوان ئوردەن و کوردستانيش گوتى : “گەلى کوردستان هەمیشە بە چاوى رێزەوە دەڕوانێتە گەلى ئوردەن و، هەڵوێستى خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵاى دووەم و حکومەتى ئوردەن بەرامبەر گەلى کوردستان جێگەى رێزە، دەتوانین بڵێین پەیوەندییەکانى ئوردەن و کوردستان نموونەیین، کوردستان خوازیارە ئەو پەیوەندییانە زیاتر بەرەو پێشەوە بچن.

Back to top button