گوێڕ: داعش هێرش دەکاتە سەر حەشد؛ کوژراو و برینداری لێکەوتۆتەوە
شەوی رابردوو چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی معێزلە لە شارۆچکەی گوێڕی سەر بە قەزای مەخموور و چەکدارێکی حەشدی هۆزەکانیان کوشتووە و یەکێکی دیکەشیان بریندارکردووە.
عەبدوڵڵا تاهیر، بەرپرسی ناوچەی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، “هێرشەکە نزیکەی کاژێر 10:00ـی شەوی دووشەممە 9-8-2021 بووە لە نزیک گوندی معێزلە کە ئەو ناوچەیە دەشتاییەکی فراوانە و بۆشایی ئەمنی تێدایە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.”
گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە چەندین شوێن لە تۆڕی ئینتەرنێت هەواڵەکیان پشتڕاستکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، “هێرشەکە لەلایەن ژمارەیەک چەکداری داعشەوە بووە بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی هۆزەکان و ئەندامێکی حەشدی هۆزەکان کوژراوە و یەکێکی دیکە بریندارە.”
ماوەیەکە داعش لە مەخموور و دەوروبەری هێرشەکانی چڕکردووەتەوە و رۆژی 6ـی تەممووزی 2021 هێرشێکی بۆسەر گوندی کەنداڵ کرد و ژمارەیەک کەسی رفاند و سێ کەسیشی بریندارکرد.
شەوی 8ـی تەممووزیش شوانکارەیەکی کوردی تەمەن 18 ساڵانیان لە گوندی برایم باوەڵی رفاند و لە گوندی حلواتیش شۆفێرێکی عەرەبیان کوشت.
س:رووداو