پاڤێل تاڵه‌بانی پۆستێكی “پیرۆز” له‌ناو یه‌كێتی وه‌رده‌گرێت

خواكوڕك

هێرۆ برایم ئه‌حمه‌د له‌رێگه‌ی پیرۆزكردنی پێگه‌ و پۆستی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی، كوڕێكی وه‌كو نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی له‌سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌ستنیشان ده‌كات.

میدیاكانی نزیك له‌ یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نن، له‌مه‌ودوا پاڤێل تاڵەبانی نوێنەرایەتی مام جەلال دەكات لە سه‌رجه‌م كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی كه‌ له‌داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێن.

هه‌ر به‌پێی زانیاری نێو ئه‌و میدیایانه‌، ئه‌م بڕیاره‌ به‌هۆی پێگه‌ و پیرۆزی ناوی مام جه‌لال و بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ كوڕه‌كه‌ی دراوه‌ و له‌سه‌ره‌تادا ته‌نها رۆڵی ته‌شریفاتی له‌ كۆبوونه‌وه‌كان ده‌گێڕێت، به‌ڵام له‌ داهاتوو به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌سه‌ڵاته‌كانی بۆ دیاری ده‌كرێت.

پێشتر به‌رهه‌م ساڵح جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی ره‌تی كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌شداری له‌ هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركردایه‌تی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی بكات، به‌هۆی ئه‌و قۆرخكاریه‌ی له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی برایم ئه‌حمه‌د كراوه‌. گومان ده‌كرێت هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌م كوڕه‌ی تاڵه‌بانی، به‌بڕیاری هێرۆ برایم و بۆ شوێنگره‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بێت.

Back to top button