سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پڕۆژه‌یاسای “نیشان و میدالیا” ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كات

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه یاسای “نیشان و میدالیا له هه‌رێمی كوردستان” ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات و بڕیاره بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سبه‌ی سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، فه‌وزی هه‌ریری بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات.
پڕۆژه یاساكه له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی شورای هه‌رێمی كوردستان – عێراق پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كراوه.
مادده‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه تایبه‌ته به پێناسه‌ی چه‌مكه‌كان و له مادده‌ی دووه‌مدا، پۆلێنی نیشان و میدالیاكان كراوه.
به گوێره‌ی مادده‌ی دووه‌م، ئه‌گه‌ر په‌سند بكرێت، هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته خاوه‌نی ژماره‌یه‌ك نیشان و مه‌دالیای فه‌رمی، له‌وانه (نیشانی نیشتمان، نیشانی ئاشتیی و پێكه‌وه‌ژیان، نیشانی پێشمه‌رگه، میدالیای به‌رخودان و قاره‌مانێتی) و له‌و چوار نیشان و میدالیایه، یه‌كێكیان كه نیشانی پێشمه‌رگه‌یه، به كه‌سانی بیانی ده‌به‌خشرێت، كه له بواری مه‌ده‌نی و سه‌ربازی خزمه‌تێكی ناوازه پێشكه‌ش به هه‌رێم ده‌كه‌ن. نیشان و میدیالیاكان به كه‌سایه‌تی سرووشتی و واتایی ده‌درێت و بۆ هه‌ر نیشان و میدالیایه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم له بۆنه‌ی تایبه‌تدا ده‌یبه‌خشێت.
به گوێره‌ی مادده‌ی چواره‌می پڕۆژه یاساكه، ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌پاڵێورێن بۆ وه‌رگرتنی نیشان و مه‌دالیا، ده‌بێت ره‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیان له‌سه‌ر بدرێت و له لایه‌ن وه‌زیری په‌یوه‌ندیدار تا سه‌رۆكی لایه‌نه نه‌به‌ستراوه‌كان به وه‌زاره‌ت بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێشنیاز بكرێن. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتیش دراوه‌ته سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كه‌سایه‌تی شایسته بۆ وه‌رگرتنی نیشان و میدالیاكان پێشنیاز بكات.
به گوێره‌ی مادده‌ی پێنجه‌می پڕۆژه یاساكه، ئه‌وانه‌ی نیشان و میدالیایان پێ ده‌درێت چه‌ند ئیمتیازێكیان پێده‌به‌خشرێت، له‌وانه: بانگهێشتی بۆنه و مه‌راسیمه نیشتمانییه فه‌رمییه‌كان ده‌كرێن، به‌خشینێكی داراییان پێ ده‌دریت، كه بڕه‌كه‌ی له لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه دیاریده‌كرێت و له بودجه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه خه‌رج ده‌كرێت، له كاتی مردنیشیاندا میراتگره‌كانیان مافی پارێزگاریكردنیان له نیشان و میدالیاكه هه‌یه، به‌ڵام مافی به خۆوه كردنیان نییه.
له مادده‌ی شه‌شه‌می پڕۆژه یاساكه‌دا رێكاری وه‌رگرتنه‌وه یان كێشانه‌وه‌ی میدیالیا و نیشانه‌كان دیار كراوه، كه له‌سه‌ر راسپارده‌ی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه ده‌بێت و له لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه به مه‌رسووم ده‌كرێت.
هه‌ر له‌و مادده‌یه‌دا ئه‌و هۆكارانه دیاركراوون، كه به هۆیانه‌وه كه‌سێك نیشان یان میدالیای لێوه‌رده‌گیرێته‌وه، كه ئه‌مانه‌ن: پێشتر به هۆی تاوانی ئابڕوبه‌ر حوكمدرابێت، ده‌ركه‌وێت پێشتر كارێكی دژ به گه‌ل، خاك یان به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هه‌رێم ئه‌نجام داوه، یان دواتر ئه‌نجامیان بدات، ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وێت له‌سه‌ر بنه‌مای ساخته میدالیاكهی به‌ده‌ستهێناوه، ئه‌گه‌ر كارێكی كرد، له‌گه‌ڵ بنه‌مای وه‌رگرتنی نیشان یان میدالیاكه یه‌كی نه‌گرته‌وه.
له مادده‌ی ده‌یه‌می پڕۆژه یاساكه‌دا ئه‌وه روونكراوه‌ته‌وه، هه‌ر كه‌سێك نیشان یان میدالیای ساخته درووست بكات، به بێ مۆڵه‌تی لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند، یان كۆپیان بكات، له 5 تا 10 ساڵ به‌ند ده‌كرێت.