جەبار یاوەر: تەنیا هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا دەکشێنەوە
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، تەنیا هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە، مەشقدەر و راوێژکارەکانیان هەر دەمێننەوە.
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند، “ئەمریکا تاوەکو ئێستا رێکاری کشاندنەوەی هێزەکانیانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵکو تەنیا وادەکەیان دیاری کردووە کە کۆتایی ساڵ هێزەکانیان دەکشێننەوە کە تەنیا هێزە شەڕکەرەکان دەگرێتەوە. ئەمریکا هێزێکی گەورەی شەڕکەری نییە؛ زۆربەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق راوێژکاری و مەشقدەرن. هێزی شەڕکەریان کەم بووە کە هەندێکیان بۆ پاراستنی بنکە و بارەگاکانی خۆیان بووە، هەندێکیشیان پەیوەستبوون بەو هێزە ئاسمانییانەی کە بەردەوام لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادەییدا بوون.”
بەپێی راگەیێندراوی کۆتایی گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق کە لە مانگی تەممووزی 2021 لە واشنتن بەڕێوەچوو، لە کۆتایی ئەمساڵ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە. ئەوەیش ئەو دەنگۆیەی زیاد کردووە کە سوپای عێراق چۆن دەتوانێت بەبێ ئەمریکا بەرەنگاری چەکدارانی داعش و هێرشە تیرۆریستییەکان ببێتەوە؟
جەبار یاوەر كه بۆ رووداو قسهى كردووه گوتی: “ئێمە ئەگەر راستییەکە ببینین، ئەو هێزەی لەسەر زەوی شەڕ دەکات نە هێزی ئەمریکایە نە هاوپەیمانان، بەڵکو هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگەن. بە بڕوای ئێمە پشتیوانیی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەر دەمێنێت، تەنانەت ئەگەر فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا عێراقیش جێبهێڵن.”
رۆژی دووشەممە 2021/07/26 گەڕی چوارەمی دانوستاندنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو. لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەوە هاتووە، هەردوو وڵات وتوێژەکانیان لە رێگەی لیژنەی هاوئاهەنگی پەیوەست بە رێكکەوتننامەی ستراتیژی درێژە پێدەدەن، هەروەها تێیدا هاتووە کە ئەمریکا رێزگرتنی بۆ سەروەریی عێراق و یاساکانی عێراق دووپات کردووەتەوە و بەڵێنی بە دابینکردنی ئەو یارمەتیانە داوە کە عێراق پێویستی پێیانە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە دا، ئەو رێککەوتنە پێنج خاڵییەی کە لەنێوان عێراق ئەمریکادا کراوە، خاڵێکیان پەیوەندیی بە پشتیوانیی سەربازی و ئەمنییەوە هەیە. لە رێککەوتنەکەدا ناڵێت هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە یان پشتیوانیی ئەمریکا بۆ عێراق کۆتایی دێت، بەڵکو تەنیا دەڵێن هێزە شەڕکەرەکانمان دەکشێنینەوە. واتە مەشقدەر، راوێژکار و ئەوانەی هاوئاهەنگیی ئەمنی دەکەن بەپێی ئەو رێککەوتنە لە عێراق دەمێننەوە. هەروەها هێزەکانی هاوپەیمانانیش بڕیاریان نەداوە راوێژکار و مەشقدەرەکانیان بکشێننەوە. ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان هیچ هێزێکی ئەوتۆی شەڕکەر نییە و ئەوەیشی هەیە دەکشێتەوە.
چەکدارانی داعش لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا بۆشایی تەناهی (ئەمنی)ـی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەقۆزنەوە و هێرش دەکەنە سەر خەڵکی سڤیل و هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیش.